خالیدە تورکئۆغلو: ڕۆژەڤی ئێمە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی هەدەپ، خالیدە تورکئۆغلو ئاماژەی بەوە کرد، ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆژەڤی کۆنفرانسەکەیانە.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) بە درووشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئیدارەی خۆجێی ئازاد"، لە بارەگای پارتەکە لە بالگەت، کۆنفرانسی ژنانی ئیدارەی خۆجێی دیموکراتیکی ئەنجامدا. ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی ژنانی کوردستان و تورکیا بەشداربوون.

پاش هەڵبژاردنی دیوان و ڕێزگرتن، کۆنفرانسەکە بە تەماشاکردنی سینڤزیۆنێک دەستی پێ کرد. پاشان درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی هەدەپ، خالیدە تورکئۆغلو، بەخێرهاتنی بەشدارانی کۆنفرانسەکەی کرد و گوتی: "سڵاو لەو ژنانەی هەرگیز پاشکەشەیان نەکرد لە گوتنی 'هاوسەرۆکایەتی هێڵی وەنەوشەیی ئێمەیە'، ئەو ژنانەی بە بنیاتنانی گوند و هەرەوەزیی ژنان لە ڕۆژئاوا باوەڕی ئێمەیان بە ژنان بە زیندووی هێشتۆتەوە، هەروەها ئەو ژنانەی پێشەنگایەتی ئیدارەی خۆجێی لە شەنگال دەکەن، ئەو ژنانەی شەقام و شوێنی ژیان و هەروەها زیندانەکانیان گۆڕیوە بە گۆڕەپانی بەرخۆدان".

پاشان تیشکی خستەسەر دانانی قەیومەکان، وەک هێرشێک بۆ سەر سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و ئیرادەی گەلی کورد و تێکۆشانی یەکسانی لەقەڵەمی دا. چەندەها تەڤگەر و لایەن لە جیهاندا هەوڵدەدەن ئەو مۆدێلە پراکتیزە بکەن کە تەڤگەری کورد ئافراندوویەتی؛ لەشێوەی ئەو مۆدێلەی لە شەنگال بەڕێوەدەچێت. بۆیە دانانی قەیومەکان واتای دامەزراندنی ڕژێمێکە دژی ژن و ماف و دیموکراسی.

خالیدە تورکئۆغلو دووپاتی کردەوە، هەموو ئەم هەوڵانە لە دژی گەل، گرێدراوە بە گۆشەگیرییەوە، گوتی: "بۆ لابردنی ڕژێمی قەیوم، پێویستە بۆ لەناوبردنی گۆشەگیری تێبکۆشین. گۆشەگیریی بناغەی ڕژێمی قەیومە. پێویستە ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان، ببێتە مژاری کۆنفرانسەکەمان".

هاوکات هاوسەرۆکی شارەوانی پێشووتری شارەوانی شاری مەزنی ئامەد، گوڵتان کشاناک، کە لە زیندانی کانیدرا گیراوە، پەیامێکی ئاڕاستەی کۆنفرانسەکە کرد. ئاماژەی بەوە کرد ئەم قۆناغە بۆ کوردان و گەلانی بندەستی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەت ژنان، دەرفەتێکی مێژووییە و گوتی: "وەک ژنان، دژی هەموو زیهنیەت و تێگەیشتنێکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەرپرسیارین بۆ دامەزراندنی ڕێگەی سێیەم".

لەکۆتاییدا گوتی: "بە مۆدێلی نوێنەرایەتیی یەکسان و هاوسەرۆکایەتیمان، هەموو تێگەیشتنە ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی و ئایین‌پەرستییەکان لەناو دەبەین و ژیانێکی جیاواز بنیات دەنێین. ئێمە بڕوامان وایە، بەو بڕیارانەی لەم کۆنفرانسەدا دەیدەن، دژی فاشیزمی پیاو کە کۆیلایەتی بەسەرماندا دەسەپێنێت، دەسەڵاتی قەیوم هەڵدەوەشێنینەوە و بە پارادایمەکەمان ژیان بنیات دەنێین".