"خۆسەریی پێکهاتەکانی عێراق ڕێگەچارەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان"
ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتیی شەنگال دەڵێت: "بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی عیراق بتوانن مافە ڕەواکانیان بەدەستبهێنن، پێویستە لە ڕێگەی خۆسەرییەوە خۆیان بەڕێوەبەرن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان" .
ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتیی شەنگال دەڵێت: "بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی عیراق بتوانن مافە ڕەواکانیان بەدەستبهێنن، پێویستە لە ڕێگەی خۆسەرییەوە خۆیان بەڕێوەبەرن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان" .
رۆژی ٥ی ئەم مانگە لە شاری بەغدادی پایتەختی عیراق، کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی (بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی) ئەنجامدرا، کە ئامانج لێی نزیکردنەوەی کوردانی فەیلی و ئێزدییەکان بوو، کە ئەمەش یەک هەنگاوە لە عیراق بۆ یەکتر نزیککردنەوەی پێکهاتەکانی ووڵات ئەنجام دەدرێت، لە کۆنفراسەکەی شاری بەغداد ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و چالاکوانی و نوێنەرانی پێکهاتە و لایەنەکان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.
خەڵەف قاسم رۆژنامەوان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی شەنگال یەکێک بوو لە نوێنەرانی ئیزدی، کە بەشداری لە کۆنگرەی (بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانی) بۆ نزیکبوونەوەی کوردانی فەیلی و ئێزدیی کرد، ناوبراو سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو مافی ئێزدی و کەمینەکانی عیراق و خۆسەری شەنگاڵ و بێ دەنگی دەوڵەتی عیراق بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلی ئێزدی لە شەنگا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
ئەنجامدانی کۆنفرانس بۆ نزیکردنەوەی پێکهاتەکانی ووڵات گرنگە
خەڵەف قاسم رۆژنامەوان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی شەنگال، سەبارەت بە گرنگی ئەنجامدانی کۆنفرانس بۆ کۆکردنەوەی پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگای عیراق، لەناو کۆنفرانسی (کودانی فەیلی- ئێزدی) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: " بەڕاستی کۆنفرانسی لەم جۆرە بۆ نزیکردنەوەی پێکهاتەکانی ووڵات پیرۆزەو بەرز دەینرخێنین، ئێمەی پێکهاتەی ئێزدیی تا ئیستا ٧٥ جار ڕووبەڕووی پرۆسەی جینۆساید بووینەتەوە، تا رۆژی ئەمڕۆ پێکهاتەی ئێزدی لە دەستوری عێراق مافێکی پێنەدراوە و ڕێز گرتنێکی جدی لە ئێزدییەکان نەگیراوە لە چوارچیوەی دەوڵەتی عێراق، لە ڕێگەی ئەم جۆرە کۆنفرانسانەوە مافی ئێزدییەکان بە پارت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بناسێنین تا هەوڵبدەین لەم ڕێگەیەوە مافی ئێزدییەکان بەدەستبهێنین".
خۆسەری پێویستە تا پێکهاتەکانی عێراق مافەکانیان بەدەستبهێنن
هەروەها دەربارەی دانپێدان بە خۆسەری شەنگال لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقە، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی گشتی شەنگال ووتی: "نەک تەنها بۆ ئێزدییەکان بەڵکو بۆ تەواوی پێکهاتەکانی عیراق بۆ گەشتن بە مافەکانیان خۆسەری پێویستە، ئێمەی ئێزدیی دەمانەوێت خۆمان بەڕیوە ببەین لە بواری ئاسایش، سەربازی، ئابوری و سیاسی، هیچ خواستێکی ئێمە نیە بۆ دابەشکردنی عێراق ئێمە دژی هەموو ئەو سیاسەتانەین کە هەوڵدەدات عێراق پارچەپارچە بکات" .
پلانگێریەکی هاوبەش لەنێوان تورکیا و عیراق هەیە دژ بە گەلی شەنگال
لە کۆتایدا سەبارەت بە بۆردومانی فرۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر شەنگال و هۆکاری بێ دەنگی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا، خەڵەف قاسم رۆژنامەوان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی شەنگال ووتی: "بەداخەوە کە ئێمە ماوەی هەزار و ٥٠٠ ساڵە لەسەر ئەم خاکە شەهید و قوربانی دەدەین لەپێناو عیراقدا، بەڵام حکومەتی عێراق جیاوازی دەکات لەنێوان پێکهاتەکاندا، بەردەوام کچان و کوڕانی ئێزدی بەرگریان لە عیراق کردووە بەرامبەر هەموو هێرشێکی دوژمنکارانە بۆسەر خاکەکەی، بەڵام بەداخەوە لە ئیستادا کە هێرش دەکرێتە سەر شەنگال عێراق بێ دەنگی هەڵدەبژێریت ئەمەش گومان دروست دەکات کە پلانگێریەکی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و عیراق هەیە دژ بە گەلی ئێزدی لە شەنگال، کە ئەمەش شەرمێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتی عێراق" .
ژ.ت