ڕێکخراوە ئێزدییەکانی ئەورووپا بانگەوازی خاوەنداری لە شەنگال دەکەن

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای ئێزدی لە ئەورووپا بانگەوازیان ئاراستەی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازەکان کرد کە خاوەنداری لە شەنگال بکەن و ڕایانگەیاند ٢٧ و ٢٩ی ئادار لە بەردەم باڵیۆزخانەکانی دەوڵەتی عێراق چالاکی ئەنجامدەدرێت.

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای ئێزدی لە ئەوروپا، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەرنجیان ڕاکێشاوەتەسەر مەترسییەکانی سەر شەنگال و هۆشدارییان داوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای ڕێککەوتنەکەی “بەغدا-ئەنقەرە-هەولێر” تادێت فشارەکانی عێراق لەسەر شەنگال توندتر دەبنەوە، زۆرجار شاندی شەنگال چووتە بەغدا و بەڵێنیان وەرگرتووە، بەڵام بەڵێنەکان بەجێی نەهێنران و دووڕوویەتییەکان ئاشکرابوون.

هەروەها داواکراوە کە کۆمەڵگای ئێزدی و مرۆڤایەتی دیموکرات، لە بەرامبەر ئەم دژبەرایەتییە هەستنە سەرپێی و دەنگی بەرخۆدان شەنگال بەرز بکەنەوە و هاتووە: پێویستە کۆمەڵگاکەمان باش بزانێت کە عێراق لەبەرامبەر داگیرکارییەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ـدا بێدەنگ ما و نەیتوانی گەلەکەی لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعش بپارێزێت، جارێکی دیکەش ناتوانێت شەنگال بپارێزێت، پێویستە شەنگالییەکان کە لە جیهان بڵاوبوونەتەوە خاونداریی لە خاکی باوک و باپیرانیان بکەن، شەنگالێکی بێ ئاسایش و بێ ئیرادە، بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی ئێزدایەتییە، داوا دەکەین کە کۆمەڵگاکەمان لەدژی مەترسیی سەر ئاسایشی شەنگال بڕژێنە مەیدانەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بەتایبەتی لە شارەکانی هانۆڤەر، بیلەفێلد، سابروچکەن، بێرمەن، ئۆڵدنبورگ و دوسلدۆرف، چالاکی ئەنجامدەدرێت، ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگەش لە سەرتاسەری ئەوروپا لە بەردەم باڵیۆزخانەکانی عێراق چالاکیی ئیدانەکردن بەڕێوەدەچێت، داوا لە هەمووان دەکەین بەشداری ئەم چالاکییانە بن.

ئەو ڕێکخراوانەی بانگەوازییەکەیان واژۆکردووە، بریتین لە؛ چەتری ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی، ناوەندی یەکێتی کۆمەڵەکانی ئێزدیان، ئەنجومەنی شەنگالی دەرەوەی وڵات، یەکگرتنی گەنجانی ئێزدی، هاوپەیمانی ئێزدیانی سوریا، ناوەندی چاندی ئێزدیخان، چەتری ئەنجومەنی گوندەکانی ئێزدی.

ک-ش