ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بۆ پەخشان عەزیزی بانگەوازی کرد

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بانگەوازی لە ئێران کرد سزای لەسێدارەدان دژی چالاکوانی مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی هەڵوەشێنێتەوە و بێ مەرج ئازادی بکات.

چالاکوان پەخشان عەزیزی لە ٤ ی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا. لە ٢٣ ی تەمموز دەسەڵاتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی) بە ڕاگەیاندراوێک دووپاتی کردەوە، چەندین ساڵە گەلی کورد لە ئێران ڕووبەڕووی قڕکردن و چەوساندنەوە دەبێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە دادگای ئێران کراوە سزای لەسێدارەدانی چالاکوان پەخشان عەزیزی هەڵوەشێنێتەوە و بێ مەرج ئازادی بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەخشان عەزیزی تەنها لەبەر چالاکییە مرۆیی و یاسایی و ئاشتیخوازییەکانی دەستبەسەرکراوە. هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا سزای لەسێدارەدانەکە وەک "سزایەکی نامرۆڤانە" ناوبراوە.