کۆمەڵەی مافی مرۆڤ داوای ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆشی کرد

لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) لە پێش زیندانی ژنانی باکرکۆی ڕاگەیاندراوەێکی ڕۆژنامەوانی خوێندەوە و داوای ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆشی کرد.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم زیندانی باکرکۆی ڕایگەیاند کە "پاکێجی ١٠هەمی دادوەری" کە لەم دواییانەدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا، لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە. کۆمەڵەکە بە تایبەتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بۆ ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکان هەنگاوی بەپەلە بنرێت.

حەسەن یاڤیش، بەڕێوەبەری لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند، گۆڕانکاریەکان بە پێچەوانەی بنەمای یەکسانیە و وتی: "بڕیاری هەڕەمەکی پەیمانگای پزیشکی دادوەری ڕێگری لە ئازادکردنی زیندانییەکان دەکات."

یاڤیش ئەوەشی گوت: "بەساڵانە زیندانیانی نەخۆش لە سیستمی جێبەجێکردنی سزای دادپەروەری بێبەشن، یاسا نوێیەکە ئەم نادادپەروەرییە قووڵتر دەکاتەوە."

هەروەها هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، ئەرەن کەسکین، سەرنجی خستە سەر دۆخی زیندانیانی نەخۆش و وتی: "پێویستە زیندانیانی نەخۆش دەستبەجێ ئازاد بکرێن بێئەوەی چاوەڕوانی گۆڕانکارییە یاساییەکان بکەن.

هەروەها ئەرەن کەسکین بە بیری هێنایەوە کە فاتمە تۆکماک سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی دڵی هەیە لە زیندانی باکرکۆی ڕاگیراوە و خەدیجە یڵدز تەمەن ٧٥ساڵ تەنها بەهۆی ناردنی پارە بۆ یەکێک لە کەسوکارەکانی لە زینداندایە.

ئەرەن کەسکین وتی: "بەپێی ئامارەکان هەزار و ٤١٢ زیندانی نەخۆش لە زیندانەکان ڕاگیراون، ئێمە داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی زیندانیانی نەخۆش دەکەین بەبێ ئەوەی لەو بارەوە پێویست بە یاسایەک هەبێت."