کۆنفرانسی ژنێڤ: لە ئیمراڵی یاسا نییە، بەرخۆدان هەیە

لە ژنێڤ لە کۆنفرانسێک دەربارەی سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی، دەستنیشان کرا لە ئیمراڵی یاسا نییە و پەیامی "لە ئیمراڵی بەرخۆدان هەیە" دووپاتکرایەوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری ژنێڤی سویسرا بە ناونیشانی "زیندانیانی لە جیهان و تورکیا" کۆنفرانسێک ئەنجام دەدرێت.

لە دانیشتنی دووەم بە ناونیشانی "مامەڵەکردن بەرامبەر زیندانیانی مێژوویی و سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا" و "ڕەوشی هەنوکەیی زیندانەکانی تورکیا" پانێڵێک بەڕێوەچوو. لە نوێنەرایەتی ئۆفیسی ژنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەڤگەری دۆستایەتی گەلان و تێکۆشان دژی نەژادپەرستی، جیانفرانکۆ فاتۆرینی پانێڵەکەی بەڕێوەبرد. هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ئەرەن کەسکین، ئەندامی کۆمیسیۆنی زیندانیانی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) پارێزەر زەلال ئایدۆگان و سیاسەتمەداری کورد کەمال ئالتاش لە کۆنفرانسەکەدا قسەیان کرد.

کەسکین: هەردەم یاسایەکی تایبەت دژی کوردان جێبەجێ دەکرێت

ئەرەن کەسکین بە ئۆنلاین بەشداربوو، ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک هەرگیز دەستی لە سیاسەتی نکۆڵیکردن هەڵنەگرتووە و هەردەم دژی کوردان یاسایەکی تایبەت جێبەجێ دەکات، گوتی: "ئەگەر دەڵێن لەم وڵاتە پرسی کورد هەیە، ئەگەر دەڵێن لە مێژووی ئەم وڵاتەدا قڕکردنی ئەرمەنەکان هەیە، ئەوا هەردەم لەم وڵاتە وەک تاوانبار دەبینرێیت".

"لە ئیمراڵی هیچ یاسایەک جێبەجێ ناکرێت"

کەسکین گوتی: "ئیمراڵی بەگوێرەی یاسا ناوخۆییەکانی تورکیا بەڕێوەنابرێت. نازانین ئیمراڵی بە کام یاسا بەڕێوەدەبرێت. لەو ڕۆژەی عەبدوڵا ئۆجالان زیندانی کراوە، هەردەم ڕووبەڕووی یاسایەکی تایبەت بۆتەوە".

یاسای دوژمن

کەسکین ڕایگەیاند سەلامەتی گیانی ئۆپۆزیسیۆنەکان نییە و هەردەم لەبەردەم هەڕەشەی مردنن، گوتی: "هیچ یاسایەک بۆ ئۆپۆزیسیۆنەکان و بەتایبەت کوردەکان جێبەجێ ناکرێت. تەنها یاسایەک هەیە، ئەویش یاسای مردنە".

زەلال دۆگان: ڕژێمێکی گۆشەگیری دامەزراوە

زەلال دۆگان گوتی: "پاش هێنانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئیمراڵی سیستەمێکی نوێ لە زیندانەکان دامەزراوە. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ ڕژێمێکی گۆشەگیری دژی زیندانیانی سیاسی دامەزراوە".

ئایدۆگان تیشکی خستەسەر ڕەوشی زیندانیانی نەخۆش و گوتی: "مەسەلەی زیندانیانی نەخۆش لە یاسا زیاترە، پێش هەموو شتێک مەسەلەیەکی مرۆڤانە و ویژدانییە".

کەمال ئاکتاش: لە زیندانەکانی ئامەدەوە تا ئیمراڵی بەرخۆدان هەیە

سیاسەتمەداری کورد کەمال ئاکتاش گوتی: "هەتا بەباشی لە گۆشەگیری ئیمراڵی تێنەگەین. ئەمڕۆ هیچ کێشەیەک لە زیندانەکانی تورکیا بەباشی تێناگەین".

ئاکتاش تیشکی خستەسەر کارە نامرۆییەکان لە زیندانەکانی ئامەد و گوتی: "لە زیندانەکانی ئامەد تەنها ئەشکەنجەی قورس نەبوو، لە کەسێتی زیندانیاندا نکۆڵی لە گەلێک دەکرا. ئەمڕۆ هەمان سیاسەت و کاری دژەمرۆیی لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا لە ئیمراڵی ئەنجام دەدرێت. ئێمە لە زیندانی ئامەد بە بەرخۆدان هەموو سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکمان پووچەڵ کردەوە، ئەمڕۆ هەمان بەرخۆدان لە ئیمراڵی و زیندانەکان بەڕێوەدەچێت".

لە دوا دانیشتنی کۆنفرانسەکەدا، پارێزەری نوسینگەی یاسایی سەدە، ڕازیە ئۆزتورک، پارێزەر لە نووسینگەی ژنێڤ، ئۆلیڤەر پیتەر، پارێزەری ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مەحمود شاکار، وتوێژ دەکرێت دەربارەی ناونیشانەکانی "عەبدوڵا ئۆجالان و سیستەمی ئیمراڵی" و "مێژووی زیندانی ئۆجالان و پارادایمەکەی" و "سیستەمی ئیمراڵی و گۆشەگیری".