کۆنگرەی- گەل: کۆمەڵکوژی تەقسیم پلانی تاریکی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەیە

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی-گەل هێرشەکەی ١٣ی تشرینی دووەمی ئیستەنبوڵی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، "پلانێکی تاریکی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەیە".

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی-گەل لە راگەیەندراوێدا لە بارەی تەقینەوەکەی تەقسیمەوە رایگەیاند، "روونکردنەوەی کۆمەڵکووژییەکەی تەقسیم رێگە بۆ روونکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکانی دیکە دەکاتەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە ئەنجامدراون".

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"ئێمە هێرشە تیرۆریستییەکەی ١٣ی تشرینی دووەم کە لە تەقسیمی ئیستەنبوڵ لە دژی مەدەنییەکان ئەنجامدرا بە توندی شەرمەزار دەکەین. ئاشکرایە کە کۆمەڵکوژی تەقسیم کۆنسێپتێکی شەڕی تایبەتی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەیە. وەک کۆمەڵکوژییەکانی پێش ئێستا لە ئەنقەرە- گار، رحا-پرسوس، ئامەد، دیلۆک و مێرسین لەسەر دەستی داعش کران، ئەو کۆمەڵکوژیانەش درێژەی هەمان کۆنسێپتن.

ئەو چەکە کیمیاییانەی حکومەتی شەڕی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا بەکاریان دەهێنێت، لە ناو رای گشتیدا ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتەوە. ناڕەزایەتی رای گشتی لە بەرامبەر ئەو چەکانە رۆژ لەدوای رۆژ گەورەتر دەبێت.

حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە کە لە شەڕی چەپەڵدا چەقیوە و گەیشتووەتە بنبەست، شێت و هار بووە. لەو دیمەنانەی کە لە راگەیاندنەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، دەبینرێت کە تەرمی سەربازانی تورک کە لە شەڕدا کوژراون چۆن لە لایەن سوپاوە سوتێنراون.

ئەمە هەمووی ئاستی دڕندەیی سیاسەتەکانی حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، رووی چەپەڵ و خوێناوی ئەوان، تەنگەتاوی ئەوان لە شەڕی چەپەڵدا دەخاتەبەرچاو.

رووداوەکەی تەقسیم پلانێکی شەڕی تایبەتی حکومەتی ئاکەپە- مەهەپەیە و لە رێگەی ئەمەوە دەیەوێت دۆخی چەقین و بە بنبەست گەیشتووی خۆی نەهێڵێت، رۆژەڤی رای گشتی لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و سوتاندنی تەرمی سەربازەکانی بگۆڕێت، وێنەی ئەرێنی تێکۆشانی ئازادی ژن تێکبشکێنێت کە ژنانی کورد بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پێشەنگایەتی دەکەن. لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت رۆژئاوا بکاتە ئامانج و پاساو بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات.

فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە دوژمنی مرۆڤایەتییە، مێشکێکی بێ بەزەییە. بۆ ئەوەی ئامانجەکانی سەربخات هەموو رێگە و رێبازێک بەکاردەهێنێت، سیاسەتێکی خوێناویی بێویژدان و بێ ئەخلاقە کە دەتوانێت گەلی خۆی، مرۆڤە مەدەنییەکان بە ئاسانی بکوژێت.

ئەو بۆمبەی لە تەقسیم تەقیەوە بە دەستی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەدا تەقیەوە، بکوژەکەش ئەردۆغان و باخچەلین. بۆ ئەوەی دەسەڵات لەدەست نەدات هیج نەماوە نەیکەن. رووداوەکەی تەقسیم جارێکیتر ئەمەی دەرخست، کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەسەڵاتداری خۆی لەسەر شەڕ و خوێن درێژە پێدەدات.

گەلانی تورکیا، هێزە دیموکراسییەکان، هەموو ئەوانەی کە ستەم و ناحەقییان لێدەکرێت، بۆ ئەوەی لە فاشیزمی ئاکەپە- مەهەپە رزگار ببن دەبێت سەفەربەر بن. بۆ ئەوەی راستی کۆمەڵکوژییەکەی تەقسیم ئاشکرا بکرێت دەبێت هەموو کەس بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە. رونکردنەوەی کۆمەڵکوژی تەقسیم رێگە بۆ روونکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکانی دیکە کە لەلایەن دەسەڵاتداری تاریکی ئاکەپە-مەهەپەوە کراون دەکاتەوە.

ئێمە جارێکیتر کۆمەڵکوژی لە تەقسیم شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی ژیانیان لەدەستداوە دەکەین و هوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

هـ . ب