کۆنگرەی ستار جەژنی قوربان پیرۆز دەکات

کۆنگرەی ستار بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، تێیدا هیواخوازە ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ژنان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سوریا و سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوین.

لە پەیامەکەدا هاتووە:

"پیرۆزبایی لە بنەماڵەی شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان و سەرتاپای جیهانی ئیسلامی و هەموو ژنان و ئازادیخوازان دەکەین، بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربان کە هاوکاتە لەگەڵ مانگی حوزەیران کە بە مانگی شەهیدان دەناسرێتەوە. بەم بۆنەیەوە هیواخوازین گیانی شەهیدان شاد بێت. لەم ڕۆژە پیرۆزانەدا کە هەمووان بانگەوازی ئاشتی و ئارامی دەکەن، لەم جەژنە پیرۆزەدا، داگیرکەری تورک بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی بەرامبەر گەلەکەمان و بۆردومانی خەڵکی سڤیل بەشێوەیەکی دڕندانە و هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی پێشێل دەکات، بەڵام خۆڕاگری گەل بەرامبەر ئەم هێرش و سیاسەتە ستەمکارانە و ئومێدیان بۆ چارەسەر و ئازادی هەرگیز کۆتایی نایەت.

بەئومێدین ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە، هەروەها ببێتە مایەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ژنان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سوریا و هەموو قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین".