لە ڕاگەیاندراوەکەدا، مەجلیسەکە ڕوونی دەکاتەوە، تورکیا بەردەوام هێرشی دڕندانە دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و بەردەوامە لە سیاسەتی لەناوبردنی مرۆڤ و سرووشت و گوند و شار و دامەزراوەکان.
بە بۆچوونی مەجلیسەکە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەم هێرشە دەیەوێت ئەو هەماهەنگی و یەکێتییە بەئامانج بگرێت کە لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەدی هاتووە، چونکە چاوی بەم دەسکەوتانە هەڵنایەت.
لە ڕاگەیاندراوەکەیدا، مەجلیسەکە داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لەم هێرشانەدا و لێپێچینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکەن.
مەجلیسەکە بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکات بە ئەرکی خۆیان هەستن.
هەروەها مەجلیسەکە بانگەوازی گەلی باشوور و ڕۆژئاوا دەکات نەکەونە دوای پیلانەکانی داگیرکەری تورکیا. درێژە بە هەماهەنگی و یەکێتی و بەرزکردنەوەی خەبات بدەن لەپێناو کۆتاییهێنان بە داگیرکردنی کوردستان و بەدیهاتنی ئازادی.