کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان دا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوو، " دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە دوای بیست ساڵ لە بەڕێوەبەری رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاکەپە، بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا بشارێتەوە، لەدژی گەلی کورد دەستی بە هەڵمەتێکی هێرشکردن کردووە. رژێمی ئەردۆغان لە ١٧ی نیسانەوە لە باشوری کوردستان زۆر جار هێرشی کردووتە سەر سەنگەرەکانی گەریلا کورد و زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ جار چەکی کیمایی و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورک هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە و بۆ ئەوەی شکستەکەی بشارێتەوە تەرمی سەربازانی خۆی سووتاندووە. بە هێرشی ساختەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ هیوای ئەوەی بنیاتناوە کە تێکشکانی ئەردۆغان – ئاکەپە-مەهەپە بشارێتەوە و بیانویەک بۆ هێرشکردنە سەر کورد لە باشور و رۆژئاوای کوردستان بدۆزێتەوە".
کەنەکە دەڵێت، " دەولەتی تورک بێ رەزامەندی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ناتوانێت ئەو هێرشانە ئەنجام بدات. ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدژی ئەم شەڕە نایاساییەیە، پێویستە لە رێگەی ئابوری، سیاسی، دیپلۆماسی و یاساییەوە فشار لەسەر تورکیا دروست بکات بۆ ئەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان بجووڵێتەوە. لە دۆخێکی پێچەوانەدا بەرپرسیاری ئەنجامی تیرۆری دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
بۆیەش بانگەوازیمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا ئەوەیە کە بەرپرسیاری یاسایی لە بەرانبەر هاوکارەکانیان جێبەجێ بکەن."
ف.ق