کەنەکە: دەبێت لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرین

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی تاوانەکانی جەنگی دەوڵەت و سوپای تورک و بەکارهێنانی گاز و چەکی کیمیایی لە کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە بانگەوازەکەیدا رایگەیاندووە، سەرباری ئەوەى دەوڵەتى تورک زیاتر لە ١٦٠ هێرشی کیمیایی لە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا ئەنجامداوە و بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە سەلمێنراوە، بەڵام هێشتا وڵاتانی رۆژئاوای و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی لە ئاست تاوانەکانی دەوڵەتی تورکدا بێدەنگن.

راشیگەیاندووە، دەوڵەتی تورک لە گوندی هرۆر چەکی کیمیایی بەکارهێنا و بەو هۆیەوە ٢ هاووڵاتیی ئەو گوندە ژەهراوی بوون.

ئەوەشی راگەیاندوە، دەبێت هەموان لە دژی تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەوە بوەستینەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە:

بانگەوازی بۆ چالاكی

لە دژی داگیركاری دەوڵەتی توركیا لە كوردستان و تاوانی بەكارهێنانی گازی كیمیایی

        دەوڵەتی توركیا لە دژی گەلی كورد شەڕێكی دژوار و گەمار بەڕێوەدەبات. هەر رۆژێك كە تێپەڕ دەبێت داگیركارییەكانی خۆی لە سوریا/رۆژئاوا و ئێراق/باشوور بەرفراوانتر دەكات. خاكی رۆژئاوا و باشووری كوردستان، كەمپی پەنابەرانی مەخموور و هەروەها هەرێمی شەنگال بە شێوەیەكی بەردەوام دەبنە ئارمانجی هێرشی فرۆكەی شەڕكەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان. بەهۆی ئەم بۆردمانانەوە، بە دەیان هەزار مرۆڤ گوندەكانی خۆیان چۆڵ كردووە و هەژمارێكی زۆری شەهید و برینداریشی لێكەوتۆتەوە. لەم هێرشانەدا تەنیا گەلی كورد و خۆڕاگرانی ئەم گەلە كۆمەڵكۆژ ناكرێن،  بەڵكۆ لە هەمانكاتدا سەروەری وڵاتانی ئێراق و سوریاش پێشێل دەكرێت. بە شێوەیەكی ئاشكرا یاسای نێونەتەوەیی و سەروەری وڵاتان پێشێل دەكرێت بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان، ناتۆ، ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا، شورای ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا و رۆسیا تەنیا سەیر دەكەن و دەوڵەتی ئێراقیش بە بێدەنگی خۆی پشتیوانی لەم هێرشانە دەكات.

     ئەوە بۆ شەش مانگ دەچێت كە هێرش و داگیركاری دەوڵەتی توركیا لە دژی هەرێمەكانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا بەردەوامە. شەڕێكی بەردەوام و دژوار لەم هەرێمانەدا روو دەدات. دەوڵەتی توركیا ئەم شەڕە لە رای گشتی و چاپەمەنی دەشارێتەوە. لەو شەڕەی كە لەم هەرێمانەدا بەڕێوەدەچێت، دەوڵەتی توركیا یاساكانی شەڕ بە شێوەیەكی ئاشكرا پێشێل دەكات. لە دژی مرۆڤایەتی تاوانی گەورەی شەڕ ئەنجام دەدات. 6 مانگە كە ئەم سوپایە نەیتوانیوە بەو شێوەیەی كە دەیویست هەرێمەكانی گەریلا داگیر بكات، بۆ ئەوەی كە بتوانێت بچێتە ناو تۆنێلەكانی شەڕی گەریلاوە تا ئێستا 163 جار گازی كیمیاوی بەكار هێناوە. وێڕای ئەوەی كە راپۆرت و بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەم هێرشە كیمیاییانە لەبەر دەستن، هێزە نێودەوڵەتییەكان هێشتاش هەر بێدەنگن. لە ئەنجامی ئەم هێرشە كیمیاییانەدا تا ئێستا بە دەیان گەریلا گیانیان لە دەست داوە. لە رۆژی 4ی ئەیلولی 2021یش لە گوندی هرۆری گرێدراوی دهۆك هێرشی كیمیایی ئەنجام درا و خەڵكی گوند كەوتنە بەر ئەم گازە ژەهراوییانە و رەوانەی نەخۆشخانە كران.

لەبەر ئەوەی كە تا ئێستا كەس توركیای شەرمەزار نەكردووە و بانگی راوەستاندنی ئەم هێرشانەی لێ نەكردووە، دۆخێكی بە تەواوی پێچەوانەی یاسای گەردوونی و پەیمانە نێونەتەوەییەكان هاتۆتە ئاراوە. نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكان بە بێدەنگی خۆیان لە بەرامبەر توركیا ئەم تاوانانە پەسند دەكەن و دەبنە هاوكار و پشتیوان. ئەو هێزانەی كە هەموو جۆرە فڕۆكە و بۆمب و چەكی كیمیاوییان داوە بە توركیا و هەروەها ئەو هێزانەی كە لەبەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگن، هەموویان هاوبەشی تاوانەكانی توركیان.

بانگەوازی ئێمە بۆ كۆمەڵگای نێونەتەوەیی و گەلانی هەرێمەكە و هەروەها بۆ هەموو كەسێكی خاوەن ئەخلاق و ویژدان ئەمەیە: لەبەرامبەر هێرشی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر كورد و هەروەها بەكار هێنانی چەكی كیمیایی لە دژی هاوكاری حكوومەتی وڵاتەكەتان بۆ توركیا راوەستن. رێكخراوەكان كۆمەڵگای مەدەنی، پەرلەمانەكان، پارتە سیاسییەكان، زانكۆكان و هەر مرۆڤێك كە هەستی مرۆڤایەتی تیایدا هەیە پێویستە لەبەرامبەر هێرشی توركیا دژ بە كورد و هەروەها بەكار هێنانی چەكی كیمیایی هەڵوێست وەربگرن و زەخت بخەنە سەر ئەو دەوڵەتانەی كە تیایدا دەژین بۆ ئەوەی ئەوانیش هەڵوێست وەربگرن.

ژ.ت