"کوردستان یەک وڵاتە، گەلی کورد خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسە"
ئەنجامنامەی ٢٩ هەمین کۆبوونەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان ئاشکرا کرا.
ئەنجامنامەی ٢٩ هەمین کۆبوونەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان ئاشکرا کرا.
بە ئامادەبوونی نوێنەری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش، ڕۆژی ٢٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ٢٩ هەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ گرووپێک لە کەسێتییە سەربەخۆکانی کوردستان لە ناوەندی کەنەکە لە بروکسل ئەنجامدا. پاش گفتوگۆیەکی بەرفراوان پلانسازییەکی هاوبەش دانرا.
بەگوێرەی ڕۆژەڤەکە، لە سەرەتاوە ڕەوشی سیاسیی کوردستان، بەتایبەت ڕەوشی دوایی گفتوگۆکان لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان، ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لەم ڕەوشەدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوور و ڕۆژئاوا، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانتاری باشووری کوردستان، ڕەوشی مەترسیدار و گۆڕینی دیمۆگرافی عەفرین و دەڤەرەکانی تری ڕۆژئاوا، لە باشووری کوردستان کەش و قەیرانی سیاسی، ئیداری و ئابووری، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرش و ئاڵنگارییەکانی دەوڵەتی ئێران، گۆڕان و ڕووداوەکانی دوایی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین، شەڕی ئیسرائیل و حەماس_حزبوڵا_ئێران، هەروەها هەڵوێست و کاریگەری هێزە جیهانییەکان لە هەرێمەکە، بەشێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کران. هەروەها لەگەڵ پلانسازی کار و خەباتەکان، پێکهێنانی کۆنفرانسی ڕاوێژیی نیشتیمانیی کوردستان و بڕیاری پێکهێنانی دادگایەکی مەدەنی نێونەتەوەیی لەسەر کارەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوای کوردستان، تاوتوێ کران و پلانسازییان بۆ کرا.
بەگوێرەی گفتوگۆکان، کۆبوونەوەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە پێشکەش دەکات:
١- دەوڵەتی تورکیا، دوژمنی سەرسەختی گەلی کوردە. هێرش دەکاتە سەر تەواوی کوردستان و لە هەرێمدا ڕێبەرایەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دژی دەستکەوتەکانی کوردستانیان دەکات. لە هەموو جیهانیشدا لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە کاروچالاکییدایە. تورکیا هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەی داگیرکاریی لە باشووری کوردستان زیاتر دەکات. ئەم هێرش و داگیرکەرییە نەک تەنها ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشینی گرتووەتەوە، لە هەمان کاتدا لە باشیک، شنگال، کەرکووک، مەخموور هەتا دەگاتە پێنجوێن، چەمچەماڵ و کفریش درێژ بووەتەوە. ڕۆژانە هێرشی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەکات و ئامادەکاریی بۆ داگیرکارییەکی بەرفراوانتر دەکات. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە.
بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی گەریلا لە ناوچەکانی خاکورک، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین کە هێرش و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیایان پوچەڵ کردووەتەوە بەردەوامە. کۆبوونەوە بەڕێزەوە سڵاو لەم بەرخۆدانە قارەمانانەی هێزەکانی ئازادیی کوردستان دەکات.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە ناوخۆی تورکیادا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکرێت. گفتوگۆکان لەلایەن حکومەتەوە دەستیان پێکرد و بەردەوامن. لەم کاتەدا دوای ٤٣ مانگ بێدەنگی و نەبوونی هیچ پەیوەندییەک، برازای بەڕیز ئۆجالان چووە دوورگەی ئیمرالیی و پەیامێکی گرنگی بەڕیز ئۆجالانی هێنا. لە پەیامەکەدا ئۆجەلان داوای ئاشتیی و چارەسەریی دەکات. بەڵام گۆشەگیریی توند لەسەر بەڕیز ئۆجالان بەردەوامە. کۆبوونەوە گفتوگۆکانی چارەسەریی پرسی کورد بە گرنگ دەزانێت و هیوادارە ئەو گفتوگۆیانە ببنە هەوێنی دیالۆگ و پڕۆسەی چارەسەریی. کۆبوونەوە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتیی و چارەسەریی بە گرنگ دەزانێت و پشتیوانی لێدەکات. جگە لەوەش لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی تورکیا کرا بە زووترین کات گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگرێت، هەلومەرجی گونجاوی بۆ بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی گفتوگۆ و چارەسەرییدا بگێڕێت.
٢- ڕۆژی ٢٣/١٠/٢٠٢٤ لە ئەنقەرە لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە هێرش کرایە سەر کارگەیەکی درووستکردنی چەکی ئاسمانیی. ئەم هێزە گەریلایە سەر بە هەپەگەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژئاواوە نییە. بەڵام دەوڵەتی تورک ئەمەی کردە بیانوویەک و هێرشی کردە سەر هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و شنگال و زۆر ناوچەی دیکەی باشوور. ئەم هێرشە دڕندانەش لە کاتی کۆبوونەوەکەی ئێمەدا بەردەوام بوون. تورکیا لەم هێرشانەدا جارێکی دیکە هەموو پێوەرە مرۆیی و یاساییەکانی پێشێل کرد. دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی گشتیی ژێرخانی ڕۆژئاوا و شوێنەکانی ژیانی (کۆگاکانی ئاو، وێستگەی کارەبا، بیر و کۆگاکانی نەوت و گاز، کۆگاکانی دانەوێڵە، کارگەی ئارد و نانەواخانە، کارگە و نەخۆشخانە و شوێنی دیکەی هاوشێوە)ـی کردە ئامانج. لە کۆبوونەوەکەدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کراو و شەرمەزار کرا. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیین. ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکەین و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەینە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان. کۆبوونەوە بڕیاری بەستنی دادگای نێونەتەوەیی (دادگای مەدەنیی) لەسەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکێکی سەرەکیی ئەم قۆناغە دەزانێت و لەم ئەرکەدا جێگەی خۆی دەگرێت.
لە عەفرین هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان و پیلانی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەردەوامە. دانیشتوانی عەفرین تا ٦ ساڵ لەمەوبەر نزیکەی تەواو کورد بوون. بەڵام دوای لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورک زۆرینەی کورد لە عەفرین دەرکران و ئەوانی تریش لەژێر فشارێکی گەورەدان. عەفرین دوای داگیرکاریی، ڕادەستی چەتەکان کرا، بە زەبری هێز دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی کورددا گرت، ژمارەیەکی زۆر لە عەرەب و تورکمان هێنرانە عەفرین، دیمۆگرافیا گۆڕدرا. ئەم کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی بەردەوامن. لە سەرێکانی و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەش هەمان کار کرا. پێویستە هەموو کوردستانیان ئەم دۆخە وەک دۆخێکی تایبەت ببینن، دژی هێرشەکان بوەستن و ئەو ناوچانە ئازاد بکەن. تورکیا لەم هێرشانەدا هەموو پێوەرە مرۆیی و یاساییەکان پێشێل دەکات.
پێویستە لە دژی ئەو هێرش و پیلانانەی تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزرێن. پێویستە چەترێکی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا دابین بکرێت. بۆ پاراستن لە دژی هێرشەکانی تورکیا و هەموو هێرش و دەستوەردانەکانی دوژمنان، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا ببێتە هەرێمێکی پارێزراو و ئارام (هەرێمێکی دژە فڕین)، پێویست بە خەباتێکی فراوان و تایبەت هەیە. هەروەها دەبێت هەموو هێزەکانی تورکیا لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێنە دەرەوە. ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵ و جێگەی خۆیان. پێوستە هێزێکی نێونەتەوەیی بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر سنوورەکان جێگیربکرێت. ئەم بابەتە لە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانماندا بابەتێکی سەرەکییە.
٣- هێرش و هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشوور بەردەوامن و زیادیشیان کردووە. ئەگەر ئێمە وەک کورد لە ماڵی خۆماندا یەکگرتوو نەبین، ئەوا پێگەی فیدراڵی و دەستکەوتەکانمان کەوتوونەتە ژێر پرسیار و ئەگەری لەناوچوونیان هەیە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران و هاوکارەکانیان، ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. لە زۆر شوێن دیمۆگرافیای هەرێم لە گۆڕاندایە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و پێکەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان کار بکەن.
قەیرانی ئابووریی و ڕاگرتنی مووچەی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. باس لەوەش کرا کە بەرپرسانی هەرێم لە مانگێکدا چەند جارێک دەچنە بەغدا و پرسی مووچە تاوتوێ دەکەن. ئەمە سیاسەتێکی داگیرکارییە کە کورد بە برسێتی سزا دەدات و بەم شێوەیەش دەیانەوێت بە خۆیانەوە بیبەستنەوە.
کێشە سیاسیی و کارگێڕییەکان لە هەرێم بەردەوامن دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کاتی هەڵبژاردنەکاندا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. هەرچەندە درەنگیش بێت، گرنگە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. هەرچەند تا ئێستا ئەنجامە فەرمییەکان ڕانەگەیاندراون. هیواخوازی پەرلەمان و حکومەتی داهاتوو لە ئاست داخوازییەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستانیاندا بێت.
کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی سەخت و گرنگدا تێدەپەڕن. کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و دەزگاکان لە نزیکترین دەرفەتدا گرنگن. کۆبوونەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەم کاتەدا بە گرنگ دەزانێت و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە زووترین کات حکومەتێکی دیموکرات و خزمەت بە خەڵک دابمەزرێنن.
٤- زیاتر لە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران مافی ژنان و مافە دیموکراتیکەکانی هەموو خەڵکی ئێران پێشێل دەکات و خەڵکانی ناڕازیی سەرکوت دەکات. ئێران بووەتە زیندانێکی کراوە بۆ ژنان و هەموو خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران نائاسوودەن، ناڕازین و ئازادیی و وڵاتێکی دیموکراتیان دەوێت.
کۆبوونەوە داواکاریی و خواستەکانی گەل بۆ ئازادیی و دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکرات بە ڕەوا و ڕاست دەزانێت و پاڵپشتی خۆپیشاندەران و سەرجەم چالاکوانان دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی چالاکوانان ڕسوا و شەرمەزار کران.
لە زیندانەکانی ئێراندا دۆخی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت و گوشار و گۆشەگیریی لەسەر زیندانییەکان زیاتر دەبێت. بەهۆی ئەو فشار و گۆشەگیرییەوە زیندانییانی سیاسیی ناوبەناو ناڕەزایەتی دەردەبڕن و مان لە خواردن دەگرن. ئەو مانگرتنانە تا ئێستاش لە هەندێک شوێن بەردەوامن. کۆبوونەوە داخوازیی و چالاکییەکانی زیندانیان بە ڕەوا دەزانێت و پشتیوانیان لێدەکات. داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەست لە ستەم و نادادپەروەریی هەڵبگرن.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٣ـەوە ئەو هێز و لایەنانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بنکەو بارەگایان لە باشوور بوو، لەچەک داماڵراون و لە کامپەکان جێگیرکراون. ئێران بە وردی چاودێریی بارودۆخی ئەوان دەکات و داوای ڕادەستکردنی بەشێک لە بەرپرسان دەکات. ئەم دۆخە ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبێت و گوشارێکی زۆر لەسەر پارتە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکرێت. هاوکات ئێران درێژە بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەدات و زیندانییان لەسێدارە دەدات. جگە لەمەش هێرش بۆ سەر کۆڵبەران زیادی کردووە و ڕۆژانە کۆڵبەر دەکوژرێن. ئەمە دۆخێکی جددی و مەترسیدارە و نابێت بە هیچ شێوەیەک قبوڵ بکرێت.
هەروەها کۆبوونەوە داوا لە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکات کە بەرەیەکی هاوبەش بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیک پێکبهێنن و بە یەک دەنگ لە دژی ڕژێم ڕاوەستن. لەسەر ئاستی دنیاش برەو بە خەباتی دیپلۆماسی بدەن.
٥- پەیوەندیی و ژێرباربوون بە هێزە داگیرکەرەکان هەستیارن و دەبێ ئەم پەیوەندییانە تاکتیکی بن و لەهەمان کاتیشدا لە بەرژەوەندی گەلی کورد بن. نابێت لە دژی هیج هێزێکی کوردستانی هاوکاری هێزە داگیرکەرەکان بکرێت. کۆبوونەوە دژبەریی هێزێکی کوردستانی یان پارچەیەکی کوردستان لە بەرژەوەندیی دەوڵەتێکی داگیرکەر بە هێڵی سوور دەزانێت و مەحکومی دەکات.
٦- ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکە لە فەلەستین بەردەوامە، ئێستا پەڕیوەتەوە بۆ لوبنان و هەندێک جاریش دەپەڕێتەوە بۆ سووریا و یەمەن و ئێران. ئەم شەڕە خەریکە بەرفراوانتر دەبێت و شەڕێکی جیهانی لێدەکەوێتەوە. زۆرێک لە شارەزایان ئەم دۆخە بە جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبەن. هەموو داگیرکەرانی کوردستان، هەریەکەو بەشێوازێک لەم شەڕەدا لایەنن. بە واتایەکی تر ئەگەری هەیە ئاگری ئەم شەڕە بگاتە کوردستانیش. لەم دۆخەدا یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکدەنگی نێوماڵی کورد زۆر گرنگە. بەهۆی ئەم دۆخەوە بڕیارێکی سەرەکیی کۆبووەنەوە لەم بارەیەوە، پەلەکردن بوو لە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی. ساڵێک لەمەوبەر ئەم بابەتە لە کۆنفرانسی لۆزان باس کرا و بڕیار درا کە کۆنفرانسێکی لەم جۆرە سازبکرێت. ئەم بڕیارە لەو کاتەوە لە کارنامەی ئێمەدایە. بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەم کۆنفرانسە ئەنجام بدەین. بۆ ئامادەکارییەکانی ئەم کۆنفرانسە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا سەرەتا کۆنفرانسی پارچەکانی کوردستان بکرێت و دواتر بکرێتە کۆنفرانسی گشتیی. هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ سەرجەم لایەن و دامەزراوەکانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە ئەنجام بدرێت و لە ماوەیەکی کورتدا شاندی لایەنەکان پێکدەهێنرێت و لیژنەی ئامادەکار بۆ کۆنفرانس پێکدەهێنرێت.
٧- دوای ٤٣ مانگ، برازای بەڕێز ئۆجالان چووە دوورگەی ئیمرالیی و زانیاریی لە بەڕێز ئۆجالانەوە هێنا. بەڵام بەو مانایە نییە کە گۆشەگیرییەکە هەڵگیراوە. بەڕێز ئۆجالان خۆی دەڵێت گۆشەگیریی بەردەوامە. هەڵگرتنی گۆشەگیریی بەس نییە، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. بۆیە پێویستە چالاکی و هەڵمەتەکانی ئازادیی بەهێزتر بکرێن. جگە لەوەش ئێمە پشتیوانیی لە کامپەینی "ئازادیی بۆ ئۆجالان-چارەسەریی بۆ پرسی کورد" دەکەین و داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین کە بەشداریی لەم هەڵمەتە بکەن و ئەم هەڵمەتە بەهێزتر بکەن.
لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، ڕۆژی ١٦/١١/٢٠٢٤ ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی گەورە لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. کۆبوونەوە داوا لە هەموو کورد و دۆستانی کورد دەکات کە بەشداریی لەم ڕێپێوان و گردبوونەوەیەدا بکەن و هەڵمەتی ئازادیی بەهێزتر بکەن.
٨- ئێمە وەک ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان ببن. تا پێکەوە کاری دیپلۆماسیی هاوبەش بکەین و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆمان لەم بوارەدا بەجێبێنین.
دوای نرخاندن و خوێندنەوە و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەکان کە بە گشتیی شەن و کەو و تاوتوێ کران، پیلانسازیی بۆ کاروخەباتی داهاتوو داڕێژرا.