کوردستانیان و دۆستەکانیان لە رۆما نەورۆزیان پیرۆز کرد

لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتالیا سەدان کەس لە ناوەندی رۆشنبیریی کوردی ئارارات کۆبوونەوە و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

لە ناوەندی رۆشنبیریی کوردی ئارارت لە شاری رۆمای پایتەختی ئیتالیا، بە بەشداریی کوردستانیان و ئیتالییەکان نەورۆز پیرۆز کرا.

لە پیرۆزباییەکەدا نوێنەرانی چەندین رێکخراوی مەدەنی ئامادە بوون و وتەیان پێشکەشکرد.

لە سەرەتای پیرۆزباییەکەدا نوێنەری ناوەندی رۆشنبیریی کوردی ئارارات وتەیەکی پێشکەشکرد. دوای ئەوە سەرۆکی شارەوانیی گارباتێلا لە ناوچەی VIII (هەشت)ی رۆما، ئامادیۆ سیاسچیری وتەبێژی بزووتنەوەى ئازادیی رۆما، لە کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی (COBAS) ڤینسینزۆ میلوسی، بە ناوی تۆڕی کوردستان (RETE Kurdistan) لە ئیتالیا ئۆسڤالدۆ گوریانۆ، بەناوی کۆمۆنی کورد لە رۆما فاتمە چەلیک پەیامیان پێشکەشکرد.

لە وتەکانیاندا رایانگەیاند، سکاڵای دەوڵەتی تورک بۆ داخستنی هەدەپە ئیدانە دەکەن. باسیان لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کرد بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پشتیوانییان لە مانگرتوان و داواکانیان کرد.

پیرۆزبایی نەورۆز بە کردنەوەى ئاگری نەورۆز بەردەوامیی پێدرا و بە گێڕاندنی گۆڤەند و شایی و وتنەوەى چەندین دروشم کۆتایی بە چالاکییەکە هێنرا.

ژ.ت