کەیت ئۆسبۆرن پەرلەمانتاری بەریتانیا: پشتیوانی لە خوشک و برا کوردەکانمان دەکەین
کەیت ئۆسبۆرن پەرلەمانتاری بەریتانی باسی لە دۆخی زیندانیان لە تورکیا کرد و داوای لە هەموان کرد، کە پشتیوانی لە کوردان بکەن.
کەیت ئۆسبۆرن پەرلەمانتاری بەریتانی باسی لە دۆخی زیندانیان لە تورکیا کرد و داوای لە هەموان کرد، کە پشتیوانی لە کوردان بکەن.
ئۆسبۆرن رایگەیاند، دۆخەکە بەرەو قەدەغەکردنی هەدەپە دەچێت. راشیگەیاند، لە زیندانەکانیشدا کرداری خراپ و پێشێلکاری بەرامبەر بە زیندانیان زیادیکردووە و رۆژ بە رۆژ ژمارەی زیندانیان زیاد دەکات. ئەوەشی راگەیاند، زیندانیانی هەدەپە و زیندانیانی تری کورد زۆر زۆر دوور لە شوێنی ماڵ و بنەماڵەکانیانەوە لە زینداندا راگیراون و بە زۆری بۆ زیندانیکردن دەیانێرن بۆ ئەو شارانە، کە نەژادپەرەستانی تورکی تیادایە.
کەیت ئۆسبۆرن لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ زیندانیان زۆر کەمە و وتیشی، تاکە دەستە و گروپ، کە لە پەتای کۆرۆنا (Covîd-19)دا لە زیندانەکاندا ئازاد نەکران، زیندانیانی کورد و سیاسەتمەدارانی هەدەپە بوون.
ئۆسبۆرن ئاماژەی بە گوشار و زۆردارییەکانی سەر ژنان کرد و وتی، ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران و چالاکوانان و سەندیکاوانانی ژن، بەهۆی داکۆکیکردنیان لە مافەکانی خۆیان، تیرۆریزە دەکرێن و تاوانی تیرۆریان دەخرێتە پاڵ.
کەیت ئۆسبۆرن رەخنەی لە حکومەتی شانیشینی یەکگرتووی بەریتانیا گرت، کە بە فرۆشتنی چەک بە تورکیا دەبێتە هاوکار و هاوبەشی شەڕی تورکیا لە دژی کوردان و رایگەیاند، ئەستەمە بەو بەڵێنانەى لە کاتی رێککەوتنەکاندا دراون، رێگری لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بکرێت. بۆ پێشگرتن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا دەبێت رێوشوێنی توندتر بگیردرێنە بەر.
ئۆسبۆرن بانگەوازی بۆ هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان هەبوو و وتی، دەبێت دۆخی تورکیا "دەوڵەتی تاکە حیزبی، تاکە ئایین، تاکە ئایدۆلۆژی" زۆر جێگای نیگەرانیتان بێت.
کەیت ئۆسبۆرن ئەوەشی وت، دەبێت هەموو کەس پشتیوانی لە خوشک و برا کوردەکانمان بکات.
ژ.ت