کەژەکە بانگەوازی لە هەمووان کرد بۆ بڵندکردنەوەی تێکۆشان لەپێناو ئازادی ڕێبەری گەلی کورد

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە پەیامێکدا بۆ چالاکییەکەی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بانگەوازی کرد، تا ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە درێژە بە تێکۆشان بدەن.

لە پەیامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە کە لە گردبوونەوە مەزنەکەی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا خوێنرایەوە، داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد کرا و گوترا: "ژیانی ئازاد لەگەڵ ڕێبەری ئازاد لە هەموو کاتێک نزیکترە".  

پەیامی کۆردیناسیۆنی کەژەکە وەهایە:

"سڵاو دەکەین لە چالاکی و بەشداربوونەکەتان کە هەڵگری ئامانجێکی پیرۆزە، جارێکی تر دەڵێین کەس ناتوانێت ڕۆژەکەمان تاریک بکات، ڕووناکی لە دوورگەی ئیمراڵییەوە بەرەو جیهان بڵاوبۆتەوە!

٢٥ ساڵ تێپەڕی بەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوبات دژی ڕێبەر ئاپۆ. لە ٢٥ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی، هێزە پیلانگێڕەکان شەرمەزار دەکەین و جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە لە ساڵی ٢٦ هەمیندا تێکۆشان و بەرخۆدانی ئازادیمان بڵندتر دەکەین.

سەرەتا هەموو شەهیدانمان کە بە درووشمی "ناتوانن ڕۆژەکەمان تاریک بکەن" لەدەوری ڕێبەر ئاپۆ بوونە بازنەیەکی ئاگر، بەڕێزەوە یاد دەکەینەوە.

سڵاو دەنێرین ۆ چالاکوانانی مانگرتن لە خواردن لە زیندان، دایکانمان لە ئێشکگری دادپەروەری و هەموو ڕێپێوانکەرانی ئازادی؛ هەروەها بەرخۆدانی ژنان و گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین کە دژی پیلانگێڕیی لە کوردستانەوە دەستیان پێ کرد و لە تەواوی جیهان بڵاوبوویەوە و ٢٥ ساڵە بەردەوامە.

جارێکی تر ئەو دەوڵەتانە شەرمەزار دەکەین کە بەشداربوون لە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و ڕایدەگەیەنین کە هەمیشە لەبەردەم گەلان، لەبەردەم مێژوودا دادگایی دەکرێن و بەم تاوانە قێزەونەوە یاد دەکرێنەوە.

هێزی سەرەکی پشت پیلانگێڕی نێونەتەوەیی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی بوو. ئامانجیان ئەوە بوو لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، کۆتایی بە تەڤگەری ئازادی کوردستان بهێنن، تاوەکو بتوانن فەرمانڕەوایی کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بکەن.

بۆ داگیرکردنی جیهان و دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین، شەڕێکی مەزنی بەرژەوەندییان ئەنجامدا و گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان کردە قوربانی بەرژەوەندییە گڵاوەکانیان.

لە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییە قێزەونەدا کە ڕۆژی قڕکردنی کوردان و ژنانە، ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی دەستنیشان کرد، کە بۆ گەل و ژنانی کورد بووە ڕێگای سەرکەوتنی تێکۆشان و هەبوون و ئازادی. سەرۆک ئاپۆ دەستنیشانی کرد کە ڕێگای سەرەکی بۆ جڤاکێکی دیموکراتیک پشت بە شۆڕشی ئازادی ژنان و شۆڕشی ئیکۆلۆژیک دەبەستێت.

بە ئافراندنی هێزێکی چارەسەری لەم شێوەیە، ڕاستی هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە پیلانگێڕی نێونەتەوەییان ئەنجامدا، ئاشکرا کرد کە  ئەوان دوژمنی ئازادی و دیموکراسی و ژن و گەلانن، ئەم هێزانەی کە دەیانویست لە کەسێتی ئەودا جڤاکی دیموکراتیک دادگایی بکەن، خۆیان دادگایی و مەحکوم کران.

لەناو سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵیدا کە دەیانگوت "وردە وردە دەیکوژین و لەناوی دەبەین"، ڕێبەر ئاپۆ بە وتنی "لەدایکبوونی سێیەم" پارادایمەکەی گۆڕی. لەو شوێنەی کە دەگوترا بیرکردنەوە نییە، ڕێبەر ئاپۆ فیکری نوێی ئافراند کە بوونە هیوای جیهان و دەنگی ژیانی ئازادیان گەیاندە هەموو جیهان کە هێزە هەژموونخوازەکان دەیانویست کپی بکەن. بۆیە پێویستە جارێکی تر ئاماژە بەوە بکرێت کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و شێوازی تێکۆشانەکەی لە ئیمراڵی پووچەڵکرایەوە.

لە بەرامبەر پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە دەویسترا ڕۆژی مرۆڤایەتی تاریک بکرێت، ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانێکی مەزنی ئەنجامدا، ئاستی ڕێبەرێتی نەتەوەیی تێپەڕاند بۆ ئاستی ڕێبەرێتی جیهانی. بوو بە ڕێبەری بندەستان و ژنان و مرۆڤایەتی و گەلان. حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی هێزە پیلانگێڕەکان ژنی کردە هێز و ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون.

ژنان و گەلان هەمیشە تێدەکۆشن لە دژی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات، ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەکەنە هۆکاری ژیانی خۆیان و وەک ئیرادەی خۆیان دەیپارێزن. بە گۆڕینی هۆشیاری و پراکتیکی چالاکیی شۆڕشگێڕانە، بەشداری لە هەڵمەتی ئازادی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی بڵاودەبێتەوە. ئازادی گەلی کورد لەگەڵ چارەنووسی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین یەکدەگرێت. ئایندەی دیموکراتیکی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بە چارەسەری کوردستانی دیموکراتیک-خۆسەر دێتەدی. تێکۆشانی ئازادی ژنان، وەک سیستەمێکی جیهانی نوێ کە لەسەر بنا‌غەی پارادایمی دیموکراتیک ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان، دەرفەت بۆ چارەسەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دەئافرێنێت. داخوازی سیستەمێکی نوێی جڤاکی بۆ ژنان و گەلان، تێکۆشانی جڤاکی پێش دەخات. هێزە هەژموونخوازە نێونەتەوەییەکان کە ئەم پێشکەوتنانە دەبینن و دەوڵەت-نەتەوە ئەمری واقیع‌پارێز و چەوسێنەرەکانی هەرێمەکە، پێداگری لەسەر ستراتیژی پیلانگێڕی دەکەن. دژی ئەم سیستەمە کە ژنی بێ ناسنامە و بێ نرخ کردووە، کردوویەتی بە کاڵایەکی کڕین و فرۆشتن و لە بەهاکانی دووری خستۆتەوە، لە دیواری ماڵەکان دەیانبەستێتەوە، یان لەنێو سنووری دەوڵەتان قەتیسی کردوون! بە پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن دیواری ئەم ژیانی زیندانییەی شکاند کە وەک چارەنووسی ژنان سەپێنراوە و ئەمڕۆ فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی بووەتە پێشەنگی شۆڕشی ژنان و جڤاکەکان!

لە بەرامبەر ئەو هێزانەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە بۆ پێشکەوتن و بەردەوامیی خۆیان ژن وەک موڵکی گرنگی خۆیان دەبینن، پارادایمی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بووەتە دەرگای ژیانێکی ئازاد کە ژنان بەرەو ڕووی هەنگاو دەنێن. ئەو سیستەمەی کە لەڕێگەی کاراکتەری سەردەستی پیاو و ژنی کۆیلە بەردەوامی هەیە، بەرامبەر پارادایمی ژیانی ئازادمان شکست دەهێنێت. بۆیە لە سەدەی ٢١ هەمیندا کە ئێمە بە سەدەی ژن پێناسەی دەکەین، باشتر دەبینین کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە ڕاستیدا پیلانگێڕییەکە لە دژی هەموو ئەو ژنانەی کە بەدوای ژیانێکی ئازاددا دەگەڕێن. بۆ ئەمەش پێویستە ژنان بەو هۆشیارییەی کە پیلانگێڕی و گۆشەگیری دژی ئەوانە، تێکۆشانی خۆیان لە پیلانگێڕی و گۆشەگیری بڵندتر بکەنەوە. هاوشان لەگەڵ  ئەوەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی ئەوانە، تا بەدیهاتنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، پێویستە بە ڕۆحی سەرفەربەرییەوە بەشداربن و ڕێکخستنی خۆیان بەهێزتر بکەن.

بەم بۆنەیەوە، بانگەواز لە تەواوی گەلەکەمان و بەتایبەت ژنان و گەنجان و ڕای گشتی دیموکراتیک و دۆستانی خۆمان دەکەین بۆ شکاندنی دیوارەکانی دیلگرتنی ئیمراڵی کە واتای قڕکردنی ژن و سرووشت و مرۆڤایەتییە، دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بە ڕۆحی سەفەربەری تێکۆشانەکانیان بۆ بەرزترین ئاست بەرزبکەنەوە!

ژیانی ئازاد لەگەڵ سەرۆکی ئازاد لە هەموو کاتێک نزیکترە!

ژن ژیان ئازادی

بژی سەرۆک ئاپۆ".