بە دیمەن

کەژەکە: ئازادی سەردەکەوێت!

کەژەکە تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی فیداکارانەی گەریلا، سڵاوی لە بەرخۆدان و خۆپاراستنی گەریلا ژنەکان کرد کە بە ئیرادەیەکی مەزنەوە پێشەنگایەتی دەکەن، گوتی: "ئازادی سەردەکەوێت!".

٣٢ هەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کورد

کەژەکە پەیامێکی نووسراوی نارد بۆ ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کورد کە بە درووشمی "گۆشەگیری و داگیرکاری دەشکێنین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" ئەنجام دەدرێت. کەژەکە سڵاوی لە فیستیڤاڵەکە کرد و ڕایگەیاند تێکۆشانی گەلی کورد سەردەکەوێت.

پەیامی کەژەکە بەم جۆرەیە:

ژنان و گەنجان و دۆستان و گەلی هێژامان؛

ئێمە لە ساڵ و کاتێکی مێژوویی تێکۆشانمدا دەژین، کە تێکۆشان و بەرخۆدانمان لە ئاستێکی بەرفراوان و بڵند و کاریگەردایە. لە کوردستان بە فیداکارییەکی بێ وێنە کە بووەتە نموونە بۆ هەموو جیهان، گەریلا پێشەنگایەتی ئەم شەڕە قارەمانانە دەکات. سڵاو لەم تێکۆشانە دەکەین کە ژنانی کورد لە ئاستێکی باڵادا پێشەنگایەتی دەکەن و فیداکارانە گیانی خۆیان فیدا دەکەن! لەم بەرخۆدانە بێ وێنەیەدا، دەیان هاوڕێمان و دەیان وڵاتپارێز، لەنێویاندا مناڵ هەبوون، شەهیدبوون. هەرگیز شەهیدانمان لەیاد ناکەین و هەتا سەرکەوتن گرێدراوی ئەم تێکۆشانە دەبین. ئێمە هەرگیز لەبیری ناکەین چەندە قەرزاری ئەوانین. لە کەسێتی شەهید بەروار دێرسیم و بێریتان نورحەق و هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا و ئۆرهان بینگۆل و تەکین گۆیی و شێخموس و هەرەکۆل، هەموو شەهیدان بە سوپاس و ڕێز و خۆشەویستی بیردەهێنینەوە و سەری ڕێز بۆ یادیان دادەنەوێنین.

کاتی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە

گەلی تێکۆشەرمان کە لە ئەوروپا دەژین، سڵاو لە تێکۆشان و هەڵوێستتان دەکەین کە تا ئەمڕۆ بە سەربەرزی و دڵگەرمی ئەنجامتان داوە. بەبۆنەی ئەم فیستیڤاڵەوە، ئەم بۆچوونانەی خۆمان لەگەڵتان هاوبەش دەکەین:

گۆشەگیری سیستەماتیک دژی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بناغەی دەروونی و جەستەیی و سایکۆلۆژی بە شێوازی شەڕ ئەنجام دەدرێت. ئەم شەڕە خاوەنی ناوەڕۆکێکی ئایدۆلۆژی و سیاسییە. هێزە باڵادەستە نێونەتەوەییەکان کە ڕێبەر ئاپۆیان بەدیلگرتووە، ئەم هێرشە سیاسی و ئایدۆلۆژییە دادەڕێژن و بەڕێوەی دەبەن. بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە زیندووی بهێڵنەوەو تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بێ چارەسەر بهێڵنەوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سیاسەتی ڕەنجخۆری و بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن، ئەم پرسە وەک ئامرازێک لەژێر دەستی خۆیان دەهێڵنەوە. ڕێبەر ئاپۆ دژی ئەو کارە قێزەونانەی دژی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکرێت، تێکۆشانی ئازادی و هۆشمەندیی و چالاکیی ڕێکخراوی پێشخست. بۆیە لە هەلومەرجی گۆشەگیری دەیهێڵنەوە. ئەو سیاسەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبرێت، گرێدراوە بە سیاسەت و ستراتیژی قڕکردنی دژی کورد کوردستانەوە. بۆیە پرسی کورد و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، پێکەوە بەستراون و دانەبڕاون. بۆیە دەڵێین، ئەمە ڕەوشێکی ئایدۆلۆژی و ئەخلاقی و سیاسییە. هەرکات ئازادی ڕێبەر ئاپۆ پێکهات، ئەوکات سیاسەتی چارەسەرنەکردنی پرسی کورد کۆتایی دێت. پێویستە بەم بەرپرسیارێتی و هۆشیاری و هەستیارییەوە، بەهێزتر و بەبێ پچڕان هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مەزن بکەین.

لە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەدەستی دەوڵەتی فاشیستی تورک هێرشی کۆمەڵکوژی و قڕکردن ئەنجام دەدرێت. هەر شوێنێک کوردی لێ بێت، بووەتە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک. ئەم دەوڵەتە تەواوی سیاسەتی خۆی لەسەر بناغەی سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد پێش دەخات. هەموو کارە ئابوور و دیپلۆماسییەکانی و دەرفەتەکانی بۆ ئەم ئامانجە سەفەربەر دەکات. ئەو هێرشانەی ڕۆژئاوا و باکوور و باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێن، کۆمەڵکوژییە دژی سرووشت و ژینگە و گەل؛ قڕکردنە دژی زمان و کەلتوور و ناسنامەی کورد، هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگە و کەلتوور، هەمووی بە ئامانجی لەناوبردن پێکدێن. هێرش و شەڕی داگیرکاری هەرە مەزن لە مێژوودا، دژی گەریلاکان دەکرێت. دەوڵەتی تورک هەموو هێزی خۆی بۆ لەناوبردنی کورد و کوردستان سەفەربەر کردووە. لەگەڵ هەموو ئەم ئیمکان و دەرفەتانە، ترسی شکستی هەیە. با هەموو جیهان بزانێت، دەوڵەتی تورک حەقی خۆیەتی و ڕاست بیردەکاتەوە کە دەترسێت. بەڵێ با بترسێت، چونکە شکست دەهێنێت.

دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە_مەهەپە لە کۆتایی خۆی دایە. ئەوەی لەم گیانەڵایەدا فریایان دەکەوێت، ئەوەی پشتگیری و هاوکاریان دەکات، ئەوەی دەهێڵێت دەوڵەتی فاشیستی تورک هەناسە بدات، بنەماڵە بارزانی_پەدەکەی نۆکەر و خۆفرۆش و خائینە. پەدەکە سەرکێشی خۆفرۆشی و خۆڕادەستکردن دەکات. ئەمڕۆ لەسەر بناغەی تەسفیەکردنی پەکەکە، هەموو کارێکی قێزەون لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەکات و لەنێو هەموو هەوڵ و هێرش و سیاسەتێکدایە. وەها دەبینرێت، تا ئەم هێڵی ڕادەستبوون و خۆفرۆشی و خیانەتە و نوێنەرەکانی لەناونەچن، سەرکەوتن بەدی نایەت. بۆ ئەمەش دەبێت سەرەتا دژی ئەم زیهنیەت و هێڵی خیانەتەی پەدەکە تێکۆشان بکرێت. پێویستە دژی ئەم هێڵی خیانەت و خۆفرۆشییە، تێکۆشانی بڵند و نەپساوە بکرێت.

بە پێشەنگایەتی گەلی کورد، بەرخۆدان بەردەوامە

ئەو ئاستەی ژنانی کورد لە پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بەدەستیان هێناوە، هەڵوێستە بنەڕەتی و ڕادیکاڵەکەیان، بووەتە مایەی ترساندنی سیستەمی باڵادەستی ستەمکار و هێزەکەیان و دەوروبەریان کە خاوەنداری لەم سیستەمە دەکەن. لە کوردستان شۆڕشی ژنان پێکهات و بووەتە نموونەی جیهان. ئەم شۆڕشە دیموکراتیکە بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بەردەوامە. خۆپاراستنی جەوهەری و تێکۆشان بەتایبەت لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هەموو جێیەک، بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد دەکرێت. ترسی هەرە مەزنی هێزە دەسەڵاتدارەکان هەبوونی ژنی کورد و کوردەکانە. لە دووەمین ساڵیادی بەجیهانیبوونی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" جارێکی تر بە ڕێز و خۆشەویستییەوە ژینا ئەمینی بیردەهێنینەوە و دەڵێین، تێکۆشان و بەرخۆدان سەردەکەوێت. سڵاو دەنێرین بۆ بەرخۆدان لە زیندانەکانی ئێران و بەرخۆدان بە پێشەنگایەتی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و نێرگز محەمەدی! بانگەواز لە دەوڵەتی ئێران دەکەین دەست لە سیاسەتی سێدارە هەڵبگرێت. بانگەواز لە گەلەکەمان و ژنان دەکەین دژی سیاسەتی سێدارە و دوژمنایەتی ژنان، تێکۆشانی باشتر بکەن.

لە باکووری کوردستان هێرشەکانی قڕکردن و دەستبەسەرکردن و قەدەغە و کاری فاشیستی بە ئامانجی ڕێگرتن لە شۆڕشی ژن و گۆڕینی کۆمەڵگە و پێشکەوتن، بەردەوامە. لە کوردستان و تورکیا هەموو کۆمەڵکوژییەک دژی ژن و مناڵ، سیاسییە؛ ئەویش بە ئامانجی شەڕی قێزەون دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. ئێمە بەرامبەر ئەم پووچبوونە کۆمەڵایەتی و هێرشانە لەبەردەم بەرپرسیارێتی بەهێزکردنی شۆڕشی ژن و تێکۆشانداین! بانگەواز لە ژنانی کورد دەکەین لەدەوری تێکۆشانی ئازادی ژنان کۆببنەوە و دژی هێرشی داگیرکاری و قڕکردنی سەر گەلەکەمان و هەبوونمان، تێکۆشان مەزن بکەن. دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ‌سپی دژی ژنانی کورد و گەلەکەمان داگیرکار و قڕکردن ئەنجام دەدەن، سرووشت لەناودەبەن. پێویستە دژی ئەم هێرشانە، بە تێکۆشان و هەڵوێستمان، ناڕەزایەتی خۆمان دەستنیشان بکەین، کارەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک ئاشکرا بکەین.

ئازادی سەردەکەوێت

بە کێشانی سنوورە دەستکردەکان، ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا و ئاسیا بوونەتە ئامانجی هێرش و قڕکردن. ئەوانەی ئەم سیاسەتەیان ئافراند، ئێوە بوون. ئەمڕۆش ئێوە پەنادەبەنە بەر سیاسەتی داخستنی سنوور بەڕووی پەنابەراندا. هەموو زۆردار و ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەڵمانیا، با لێپرسینەوە لە سیاسەتی خۆیان بکەن کە تا ئەمڕۆ پەیڕەویان کردووە. دەبێت دەوڵەتانی ڕۆژئاوا باش بزانن ئەوان بەرپرسیارن لەم ئازارانەی مرۆڤایەتی. دەست لە پشتگیری لە دەوڵەتانی کۆڵۆنیاڵیست هەڵبگرن. پشتگیری نەکەن لە سەپاندنەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و دەست لە گرتنی سیاسەتمەدار و پێشەنگانی گەلی کورد هەڵبگرن.

لەسەر ئەم بناغەیە دووبارە سڵاو لە گەلەکەمان و ژن و گەنجان و دۆستەکانمان دەکەین کە بەشداری ٣٢ هەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری کوردیان کرد، دەڵێین "ئازادی سەردەکەوێت".