لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق هەوڵی چواردەورگرتنی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) دەدات لە رێگەی تەلبەندکردن و سازکردنی خاڵی چاودێری سەربازییەوە، لەبەرامبەردا دانیشتوانی کەمپەکە خۆڕاگریی دەکەن و رێگەیان لە سوپای عێراق گرتووە.
بەمەبەستی شەرمەزارکردنی ئەو هێرشەی سوپای عێراق و دەربڕی پاڵپشتی بۆ دانیشتوانی کەمپی مەخمور، رۆژی شەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن بە دەستپێشخەری کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک _کەجەدەکەی ئەوروپا هەروەها کۆمسیۆنەکانی باشور لە بەریتانیا و مالی گەل لە لەندەن و ئەنجومەنی ئازادلە ولاتی بەریتانیا گردبوونەوەیەک سازکرا.
لە چالاکیەکەدا وێرای شەرمەزارکردنی حکومەتی عێراق بەهۆی هەوڵەکانی بۆ دروست کردنی تەلبەند بە چواردەوری کەمپی پەنابەرانی مەخمور، لەهەمان کاتدا سیاسەتی دووڕوویانەی پارتی دموکراتی کوردستانیی عێراقیش بەرامبەر بەو پرسە شەرمەزار کرا.
لە گردبوونەوەکەدا بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چەندین دروشم دژی رژێمی ئاکەپە-مەهەپە و ئەردۆغان وترانەوە.
خۆپیشاندەران لە رێگەی نامەیەکەوە کە رادەستی باڵیۆزخانەی عێراقیان کرد داوایان کرد دەستبەجێ سوپای عێراق هێرشەکانی بۆ سەر کەمپی مەخمور رابگرێت و کۆتایی بە ئازاردانی دانیشتوانی ئەو کەمپە بهێنێت.
هاوکات راشیان گەیاند، کە لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکەیان هەڵوێستی جیاوازیان دەبێت و لە سەرتاسەری بەریتانیا و ئەوروپا دژی ئەو ئەو هەوڵەی سوپای عێراق دەوەستنەوە.
خۆپیشاندان و گردبوونەوەکەی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن دوای سێ کاتژمێر کۆتایی هات.
هـ . ب