ڕۆژی یەکشەممە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی ئاشکرا بوو، کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان براوە بووە، بەهای لیرەی تورکی دابەزینێکی مێژوویی لە بێ نرخ بوون دا تۆمار کرد. ڕۆژی دووشەممە بەهای دۆلارێک بووە ۲۰.۰۹ لیرە.
ئەردۆغان هەڵمەتی هەڵبژاردنی لەسەر زانیاریی چەواشەکارانە و فاشیزم بەڕێوەبرد، لە وتارەکەیدا لە دوای هەڵبژاردنیش ڕایگەیاند، بەردەوام دەبێت لەو سیاسەتانەی، کە تا ئێستا بەڕێوەی بردوون.
ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، شیکارییان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان کرد، بەتایبەتی تیشکیان خستە سەر ئابووری و ئازادی لە تورکیا.
ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان پرسیاری ئەوەیان کرد، ئەردۆغان تا چەند دەتوانێت بەرنامە ئابوورییە ڕاگەیاندراوەکەی جێبەجێ بکات، ئەنجامەکانی ئەو هەنگاوانەی بۆ زیادکردنی مووچە لە دژی هەڵئاوسانی بەرز، کە پێش هەڵبژاردنەکان بەڵێنی دابوون، لە دوای هەڵبژاردنەکان بە تەواوی روون دەبنەوە.
لە شیکارییەکاندا ئاماژە بەوەشکراوە، وێرانبونی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان ٣٤ ملیار دۆلار زیانی بە تورکیا گەیاندووە و داهاتووی ٣.٤ ملیۆن کۆچبەری سوری لەو وڵاتەشدا نادیارە.
حەسەن مالیک لە کۆمپانیای تەلیمەر لە دوبەی هەڵسەنگاندن بۆ ئامار و داتای ئابوورییە پێشکەوتووەکان دەکات و وتی، "هەڵبژاردنی ئەردۆغان ڕێگە بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بە هیچ سەرمایەیەکی بیانی نادات" و وتی، "ئابووریی تورکیا لە قەیرانێکی گەورەدایە، کە کاریگەری لەسەر سەرمایە هەیە و هەڵئاوسان زۆر بەرزە، ڕێژەی سوود زۆر کەمە و هیچ یەدەگێک بۆ ئاڵوگۆڕی سەرمایەی پرۆژەکان نییە. تەنها خاڵی گەشبینانە بۆ خەڵک ئەوەیە، کە هیوادار بن ئەردۆغان بگەڕێتەوە بۆ سەر سیاسیەتی ئابووریی ئۆرتۆدۆکسی."
ئابوریناسی ئەمەریکی ڕۆجەر مارک هۆشداری دەدات، کە بە ئەگەری زۆرەوە قەیرانی هاوسەنگی پارەدان لە تورکیا قووڵتر دەبێتەوە و کۆنترۆڵکردنی سەرمایەش زیاتر دەبێت. وتیشی: "ئەگەر ئەو سیاسەتانە نەگۆڕدرێن، تورکیا بەرەو قەیرانێکی ئاست بەرز لە پارەدان و فاینانسکردن دا دەڕوات. ئەگەری زۆرە، کۆنترۆڵکردنی سەرمایە زیاتر بکرێت. لەوانەیە ئەم دۆخە ببێتە هۆی ئەوە، کە مرۆڤ بە زۆر ناچار ببێت، کە دۆلار بکات بە لیرە؛ ئەگەری ئەوەش هەیە، کە تورکەکان نەتوانن قەرزەکانیان لە دەرەوەی وڵات بدەنەوە."
ژ.ت