لە دژی ئەشکەنجە زیندانیانی سیاسی هەفتەیەکە مانگرتنیان دەست پێکردووە

زیندانیانی سیاسی لە زیندانی خارپێت لە دژی ئەشکەنجە و مامەڵەکردنی خراپ ماوەی شەش ڕۆژە مانگرتن لە خواردنیان دەست پێکردووە.

پێشێلکردنی مافی زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەی ژمارە ٢ـی ئاسایاشی باڵای خارپێت بە سەخترین شێوە بەردەوامە. ئەم پێشلکارییانە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیشدا تۆمارکراوە و ئاماژە بەوەکراوە بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئەشکەنجە، لێدان، هەڕەشە، دواخستنی بەردان و گۆشگیری لە دژی زیندانیان دەسەپێندرێت. لە دژی ئەم پێشلکارییانە زیندانیانی خارپێت ماوەی هەفتەیەکە مانگرتن لە خواردنیان دەستپێکردووە.

یەک لە زیندانیانی گرتووخانەکە، لوقمان ئاسڵانە کە ماوەی ٢٦ ساڵە لە زینداندایە، لە ڕیگەی تەلەفونەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە، بە هۆکاری ئەشکەنجە و مامەڵی خراپی ئیدارەی گرتووخانەکە کە هەموو توندووتیژییەک بەکاردەهێنن، وەک ناڕەزایەتییەک مانگرتن لە خواردنیان دەست پێکردووە.

لەو بارەیەوە بنەماڵەی ئاسڵان ڕایانگەیاند، ئەشکەنجە و ستەم کردن لە دژی زیندانیان بووە بە دۆخی کاریگەری مەترسیدار و گوتییان ژیانی لوقمان و زیندانیانی دیکە مەترسی جددی لەسەرە. بنەماڵەکە بانگەوازیان لە دەم پارتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کرد لە دژی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی دژ بە زیندانیان هەوڵەکانیان دەست پێکەن و بە دواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن.