لە هێلسنکی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا پیرۆز کرا

بە بۆنەی ١٠هەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە شاری هێلسنکیی پایتەختی وڵاتی فینلاند چالاکییەک ئەنجامدرا.

لە شاری هێلسنکیی وڵاتی فینلاند، بۆ سڵاوکردن لە یادی ١٠هەمین ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوا و شەرمەزارکردنی هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکییەک ئەنجامدرا.

 چالاکییەکە لەلایەن تۆڕی پشتیوانی لە کوردستان (Kurdistan Solîdarîtî Verkosto) و ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد (نەجەدەکە /  NCDK) ڕێکخرابوو. چەندین ڕێکخراو  و رێکخستنی جیاواز وەک دژە فاشیستەکان و فێمینیستەکان و گەنجانی چەپ و گەنجانی کۆمۆنیست بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.

جەماوەری گەل لە گۆڕەپانی کۆنسولایستۆری بە ڕاگەیەندراوێک دەستیان بە چالاکیەکەیان کرد. لە ڕاگەیاندراوی چالاکییەکەدا پشتیوانیی فینلاند بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەرمەزارکرا.

دوای راگەیەندراوەکە، جەماوەری گەل لە گۆڕەپانی کۆنسولایستۆری بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێکەوتن. جەماوەری گەل لەوێ ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە ساولی نینیستۆ سەرۆک کۆماری فینلاند نیشان دا.

جەماوەری گەل لە دوای ئەوە بەرەو گۆڕەپانی ئەنجومەنی پیران (سەناتۆری) بەڕێکەوتن.

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم و گێڕاندنی هەڵپەڕکێ و گۆڤەند کۆتایی پێهات.

ژ.ت