لە حەسەکە دوو چەتەی داعش دەستگیرکران

یەکینەکانی ئەنتی تیرۆر (YAT) بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆری کوردستان (CTG) و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەوتی، توانیان دوو چەتەی داعش دەستگیر بکەن، کە ئەندام و چەکیان دەگواستەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، ئەمڕۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: " لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان دژی شانەی چەتەکانی داعش، یەکینەکانی ئەنتی تیرۆر (YAT) ـی سەر بە هێزەکانمان، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆری کوردستان (CTG) و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەوتی، توانیان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی ئەنجام بدەن بە ئامانجی هەڵوەشانەوەی شانەیەکی تیرۆریستانی داعش.

ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژی چوارشەممە، لە ١٤ ی حوزەیران ئەنجامدرا، لە گوندی سەبخە لە گوندەواری شەدادی لە باشوری حەسەکە. ئۆپەراسیۆنەکە پاش چاودێرییەکی ئاسمانی ورد بۆ جووڵەی شانە تیرۆریستییەکە ئەنجامدرا. یەکینەکانمان توانیان حەشارگەی چەتەکان بدۆزنەوە و دوو چەتەیان دەستگیر بکەن، کە چەتەکانیان دەگواستەوە و چەک و تەقەمەنیان کۆدەکردەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی دژی هێزەکانمان و خەڵکی سڤیل.

لە چالاکییەکەدا، یەکینەکانمان دەستیانگرت بەسەر ژمارەیەک چەک و کەرەستەی سەربازیی تیرۆریستەکاندا".

هەسەدە دووپاتی دەکاتەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی چەتەکانی داعش بەردەوام دەبێت، ڕوونی دەکاتەوە: "هێزەکانمان دووپاتی دەکاتەوە ئۆپەراسیۆنەکان دژی چەتەکانی داعش بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرچاوەکانی وشک دەکرێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".