لە کانوونی دووەمدا ٣ کۆڵبەر بوونە بە قوربانی
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند لە مانگی ڕابردوودا کۆڵبەرێک گیانی لە دەستداوە و ٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند لە مانگی ڕابردوودا کۆڵبەرێک گیانی لە دەستداوە و ٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری مانگی کانوونی دووەمی مردن و برینداربوونی کۆڵبەرانی کوردی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستنیشان کراوە، لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لە دەستداوە و ٢ کۆڵبەری دیکەش لە سنووری سەردەشت و مەریوان بریندار بوون.
بە پێی ئاماری ڕاگەیاندراوەکە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ئیدریس نادری لە سنووری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرماوە گیانی لە دەستداوە.
ئاماژەش بەوەکرا کە کۆڵبەرێک بە ناوی شاهین ڕەسوڵ پور لەسەر سنووری سەردەشت لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بریندار بووە، هەروەها کۆڵبەرێک بە ناوی محەمەد ڕەیسی لە سنووری ناوچەی مەریوان لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بریندار بوو.
شایەنی باسە کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٥١ کۆڵبەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بە هۆکاری جیاواز گیانیان لە دەستداوە.