لە نێوان ڕۆژانی ١٥-١٩ لە شاری کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ بە بەشداری زیاتر لە هەزار ڕێکخراو، سەندیکا، بزوتنەوە، زانکۆ و ئاکادیمیا ئەلتەرناتیڤەکان،ناوەند، گروپ و کەسایەتی لە زیاتر لە ٩٨ وڵاتی جیهانەوە، فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانیی بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەکەم بە وتاری کردنەوە و ڕێپێوانێک دەستی پێکرد. لە وتارەکاندا سەرنج بۆ سەر قەیرانی گلۆبال ڕاکێشرا و لە دژی نەژادپەرستی، سێکسیزم(ڕەگەزگەرێتی) و سەرمایەداری دروشم وترایەوە. هەر ڕێکخراو، بزوتنەوە و گروپێک دروشمی و پانکارتی تایبەتی خۆی هەڵگرتبوو، دروشمی هاوبەشیش هەروەک لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا " جیهانێکی تر مومکینە " بوو.
لە ڕێپێوانەکە و ڕۆژانی فۆرمەکەدا زۆری بەشداری ژنان و گەنجان سەرنجڕاکیش بوون.
لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی هەڵمەتی " ئازادی بۆ ئۆجالان " لە لایەن تۆڕی کوردستان و دۆستانیان بەرز کرایەوە و داوای ئازادی بۆ ئۆجالان کرا.
لە ڕۆژی ١٦، ١٧ و ١٨ ی شوبات لە هەرێمی بارکوتی مانداب لە ناوەندی شاری کاتماندو ڕۆژانە ٣٠٠ پانێلی جیاواز لە سەر بابەتی پەیوەست بە ئابوری، ژینگە، ئاسایشی خواردن، مافی کرێکارانی، پرسی ژن، ناکۆکی و شەڕ و توندوتیژی، ئاسایش، دەستپێشخەرییە هەرێمییەکان و گەڕان بە دوای چارەسەری پرسەکاندا و زۆر بابەتی سازکرا.
ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی، کۆنگرەی ستار و ناوەندی دیبلۆماسی مەدەنی لە فۆرمی کۆمەڵایەتی کرد بە ئەنجامدانی چوار پانێل و پێنجەمیشیان لەگەڵ دۆستانی گەلی کورد دا بەشداریان کرد.
لە ڕۆژی یەکەمی پانێلەکاندا پانێلێک لەسەر دیموکراسی ڕادیکاڵ و ئۆتۆنۆمی، پراکتیکی ئێستا و ئاسۆکانی ئایندە " بەبەشداری ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی، تۆڕی جیهانی بۆ ئەلتەرناتیڤ، کۆنگرەی ستار، ڕێد وێب، زانکۆی جیهانیی بەڕێوەچوو.
پانێلەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو کە لەسەر لایەنی تیۆری و پراکتیکەکانی ئێستای دیموکراسی ڕادیکاڵ بوو. لە پانێلەکەدا باس لە پرەنسیپەکانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی کە دیموکراسی ڕادیکال و ڕاستەوخۆ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنە کراو تیشک خرایە سەر ژنۆلۆژی وەک زانستی مۆدێرنیتەی دیموکراتی و پێویستی پێشەنگی و ڕێکخستنی خۆسەری ژن لە پێشخستنی دیموکراسی ڕادیکاڵدا. لەو بەشەدا ئاماژە بە ئەزمونەکانی کوردستان بەتایبەتی ڕۆژئاوا، چیاپاس و بزوتنەوەکانی ئەدیڤاسی لە هندستان کرا. لە دانیشتنی دووەمدا باس چۆنێتی پێشخستن و بەهێزکردنی دیموکراسی رادیکاڵ کرا.
لە ڕۆژی دووەمدا ئاکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتی پانێلێکی لەسەر مۆدێرنیتەی دیموکراتی و مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی پێشكەش کرد. لە پانێلەکەدا باس لە دیموکراسی ڕادیکاڵ، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن کرا. باس لە دیدی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا کە نەک تەنیا بەرخودان بەڵکو لەئەنجامی شۆڕشێکدا کە جەوهەرەکەی ئازادی ژنە، هیوایەکی نوێی بۆ گەلانی بندەست و هەموو ئەوانەی بە دوای بنیاتنانی سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیەوەن، فەراهەم کردووە.
لە پانێلەکەدا بەشداران پرسیاریان لەسەر چەمکەکانی نەتەوە، دەوڵەت، دیموکراسی ڕادیکاڵ، چۆنێتی بەشداری کۆمەڵگە لە بونیادناندا کرد. ئەوانەی لە وڵاتانی ئاسیا و بەتایبەتی وڵاتانی باشوری ئاسیاوە هاتبوون پرسیاریان لەسەر چەمکی نەتەوەی دیموکراتی وەک بەدیلێکە بە چەمکی نەتەوە و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەک سیستەمێکی خۆبەرێوەبەریی کۆمەڵگە دەکرد.
لە ڕۆژی سێیەمی فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانییدا لە پاڵ سەدان پانێلی دیکە، ئاکادیمیای ژنۆلۆژی پانێلێکی سازکرد بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون و گفتوگۆ لە سەر پرسیارەکانی “بۆچی پێویستمان بە شۆڕشی ژنە لە سەدەی بیست و یەکەمدا؟ سەرچاوەکانمان چین و چۆن دەتوانین بەرپای بکەین؟". لەپانێلەکەدا باسی پرۆسەی گەشەکردنی بواری تیۆریی و پراکتیکی بزوتنەوەی ژنی کورد کرا کە سەرچاوەی سەرەکی زانستی ژنۆلۆژییە و ئاماژە بە ڕێبازەکانی گەیشتنە زانیاری و زانینی ڕاستەقینە کرا و گرنگی بە ڕێبازەکانی ئەلتەرناتیڤی زانست کرا کە مەودای نێوان کۆمەڵگە و زانست نەهێلێت.
ئاماژە بەوەش کرا کە ژنۆلۆژی لەسەر بنەمای ئەو وشیارییە گەشە دەکات کە پرسی ئازادی ژن وەک جەوهەری ئازادی کۆمەڵگە ناتوانرێت بۆ "دوای شۆڕش" دوابخرێت، بەڵکو پێویستە پرسی ژن و چارەسەرکردنی لە جەوهەری هەموو خەبات و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا بێت، لەسەر ئەم بنەمایە ڕێکخستنی ژنانی خۆسەر بناغەی گۆڕانکاری دیموکراسی ڕادیکاڵ بووە لە کۆمەڵگە و لە بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاری، کۆلۆنیالیزم، سەرمایەداری، هەموو جۆرەکانی ستەم و دەسەڵاتدارێتی.
لە هەمان ڕۆژدا کۆنگرا ستار و ناوەندی دیبلۆماسی مەدەنی پانێلێکیان لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و شٶڕشی ژن لە پرۆسەی ١١ ساڵی رابردوودا باس کرد.
لەو پانێلەدا ئاماژە بە دەستکەوتەکان، هێرش و مەترسییەکان و ئەو بەهایانە کرا کە لە ئەنجامی ڕەنج، قوربانی و تێکۆشان بەدەستهاتووە.
لە پانێڵەدا باس لە مۆدێلی خۆسەری دیموکراتی و پێکەوەژیانی کولتوورەکان و فرەڕەنگیی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرا کە لە جیهاندا بە ڕۆژئاوا ناسراو و بووە بە هیوا و ئیلهامێک بۆ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی جیهان، ئێستاش ئەو مۆدێلە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە شەنگال و زۆر جیگەی تر لە ژێر هێرشی دەوڵەتی تورکدایە.
هەروەها باس لە خۆرێکخستنی کۆمەڵگە کرا لە شێوەی کۆمۆن و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی، بنیاتنانی ئەکادیمیاکان و یەکینەکانی خۆپاراستنی ژنان کرا و جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە کرایەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشی کوردستان بە گشتی شۆڕشێکی ڕاستەقینەی زهنیەت بەرپا بووە، ئەوەش بناغەی شۆڕش پێکدێنێت کە ئامانجی بونیاتنانی ژیانێکی ئازاد و پەیوەندی ئازادە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا. بە فراوانی باس لە مۆدێلەکانی هاوسەرۆکایەتی و سیستەمی کۆنفیدراڵی ژن و دەستکەوتەکان لە ڕٶژئاوا کرا.
لە ڕۆژی دوایی فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانیدا لە مەیدانی سەرەکیدا ٥١ سەکۆی لێدوان و ئاگادارکردنەوە دانران کە لە لایەن دامەزراوەکانی بەشدار لە فۆرمەکەدا بەسەرکردنەوەی بۆ کرا. یەکێک لەو سەکۆیانە تایبەت بوو ئاگاداکردنەوەی ڕای گشتی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کوردستان و هەڵمەتی ئازادی ئۆجالان. ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارانی فۆرمەکە سەکۆی کوردستانیان بەسەر کردەوە و پشگیری خۆیان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا و زانیاری لەسەر دۆخی کوردستان و هێرشەکانی وڵاتانی داگیرکاری کوردستان وەرگرت بە تایبەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، باکور و باشوری کوردستان.
ڕۆژی دوای فۆرمەکە لە ٢٠ شوبات کۆبونەوەی هەڵسەنگاندن کرا و باس لە هەنگاوەکانی ئایندەی فۆرمی کۆمەڵایەتی جیهانیی کرا و پلانسازییەکانی داهاتوو داڕژرا.
هـ . ب