لە لافاوەکەى شاری کاستامۆنی تورکیادا ٥ کەس گیانیان لە دەستداوە

بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لە کاستامۆنی تورکیا لافاو هەستا. لافاوەکە زیانێکی زۆری بە شارەکە گەیاندووە و بەلانیکەمەوە ٥ کەسیش گیانیان لە دەستداوە.

بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لە ناوچەکانی ئازداڤای، بۆزکورت، جیدە، شانپازار، دادی، کورە، ئاگلی و ئینەبۆلوی پارێزگای کاستامۆن لافاو هەستا. لە ئازداڤا، کە ٥ هەزار کەس دانیشتوی هەیە لافاوە ناوەندی شارەکەشی گرتووەتەوە.

بەهۆی تەقین و رووخانی بەنداوی کارۆی ئاویی (HES)ی سەر چەمی ئەزینە لە ناوچەى بۆزکورت ئاو بە رادەیەک بەرز بووەتەوە، کە ناوچەکەى داپۆشیوە و ئاو چووەتە زۆربەى ماڵەکان و کەسێک گیانی لە دستداوە و پردێک رووخاوە و پەیوەندی لەگەڵ گوندەکانی دەورووبەردا پچڕاوە و ماڵەکانی ناوەندی شارەکەش پڕ بوون لە ئاو و قوڕاو.

موئامەر یانک سەرۆکی شارەوانیی بۆزکورت رایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە لە ناوچەکەدا بە لانیکەمەوە ٥ کەس گیانیان لە دەستداوە.

ئاویش چووەتە ماڵەکانی ناوچەى شەنپازاڕ و پردێک رووخاوە و زیان بە چەندین ئۆتۆمبێلیش گەیشتووە. ١٥ کەسیش لە شوێنی کارەکەیاندا گیریانخواردبوو و دوای ماوەیەک لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رزگارکران و رێگای چوونە ناو شارەکەش داخراوە.

چەمی زاربانا لە گوندی ئۆزلوجە لە ناوچەى ئینەبولو هەستاوە و گوندەکەى کردووە بە ژێر ئاوەوە و زیانێکی زۆر بەر ماڵی هاووڵاتییان کەوتوە.

ژ.ت