لەسەر داوای ئینتەرناسیۆنالیستەکان و ئەنجوومەنی گەلی کورد و بە دروشمی "کوردستان بپارێزە" هەزاران کەس لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان لەبەردەم بینای بی بی سی کۆبوونەوە.
گروپە ئانتی فاشیتەکان، ئانارشیستەکان، رێکخراوەکانی پشتیوانی گەلی فەلەستین، ئەندامانی کەمپەیی ئازادی بۆ ئۆجالان، ئیکۆلۆژیست و ژینگەپارێزان، هاوپشتیی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ، مەلەکەپە، گیک - دەر و چەندین رێکخراوی تر بە ئاڵا و لۆگۆی خۆیانەوە بەشداری چالاکییەکە بوون. لە چالاکییەکەدا ئاڵاکانی یەپەگە، یەپەژە، تەجەشە و وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیش بەرزکرانەوە.
لە چالاکییەکەدا پۆستەر و لافیتە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورک و سیاسەتە داگیرکەرییەکانی کۆماری تورکیا بۆ سەر کوردستان بەرزکرانەوە. بە بەردەوامیش دروشمەکانی "بمرێ فاشیزمی تورک"، "بەریتانیا پشتیوانیی تورکیا مەکە"، لە دژی فاشیزم کوردستان بپارێزە" و "بە شەڕ لە کوردستان بڵێ، ئیدی بەسە"، "دەوڵەتی تیرۆریست، ئەردۆغانی تیرۆریست"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیزم"، و "بمرێ خیانەت" دەوترانەوە.
گەنجان بە جلوبەرگی نەتەوەیی بەشداری چالاکییەکە بوون و دروشمەکانی پشتیوانیکردنیان لە گەریلا دەوتەوە و پۆستەر و لافیتەیان بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی قەدەغە بەرزکردبووە.
'لە دژی فاشیزم کوردستان بپارێزە'
لە بەردەم بینای بی بی سی بەرەو شەقامی داون ستریت، کە بارەگای سەرۆکایەتیی وەزیرانی تیدایە دەست بە رێپێوان کرا. لە رێپێوانەکەدا ڕاگەیاندراو لەسەر تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بڵاوکرانەوە.
لە کاتی رێپێوانەکەدا فاشیستەکانی تورک بە بەرزکردنەوەى هێمای فاشیستی و نەژادپەرەستی هەوڵیاندا بەرامبەر خۆپیشاندانەکە کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە ئەنجام بدەن. هەڵوێستی توند بەرامبەر بە فاشیستە تورکەکان پیشاندرا و لە ژێر چاودێریی پۆلیس دا لە گۆڕەپانەکە و لە خۆپیشاندانەکە دوورخرانەوە.
ئیدی چەک بە تورکیا مەفرۆشن!
رێپیوانەکە لە بەردەم بارەگای سەرۆکایەتیی وەزیران دا کۆتایی پێات. بە ناوی رێکخراوەکانەوە وتە پێشکەشکران و لە وتەکاندا ئاماژە بە نەریتی کۆمەڵکوژی و تاوان و دڕەندەیی لە دەوڵەتی تورک دا کرا، کە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە بە گۆمی خوێن، بۆیە داوا لە حکومەتی بەریتانیا کرا چەک بە دەوڵەتی تورک نەفرۆشێت.
عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد رێگای ئاشتی دەکاتەوە
لە وتەکاندا ئاماژە بە بیر و ڕامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ڕای گشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کرا و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورک بە سیاسەتی داگیرکەریی خۆی دەیەوێت کوردستان داگیر بکات. داوا لە هەموو هێز و پێکهاتەکانی دژ بە داگیرکەری کرا، کە کوردستان بپارێزن.
لە بەردەم پەرلەمانی سکۆتلاند چالاکییەکی تر بەڕێوەچوو
بە پێشەنگایەتیی ئەنجوومەنی گەلی کورد و گروپە ئینتەرناسیۆنالیستەکانی سکۆتلاند لە بەردەم پەرلەمانی سکۆتلاند لە شاری ئەدینبۆرگ چالاکییەک ڕێکخرا. لە چالاکییەکەدا داوا لە پەرلەمانی سکۆتلاند کرا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر کوردستان هەڵوێستی خۆی نیشان بدات و رێگا نەدات بەریتانیا چاک بە دەوڵەتی تورک بفرۆشێت.
چالاکییەکانی لەندەن و ئەندینبورگ بە وتنەوەى دروشم کۆتاییان پێهات.
ژ.ت