لە لۆزان کۆنفڕانسی کورد: کورد کوردی سەدەی رابردوو نییە

لە شاری لۆزانی سویسرا کۆنفڕانسی کورد بە بەشداری زۆر کەسایەتی و لایەنی چوار پارچەی کوردستان و هەندەران بەردەوامە.

لە ٩٩مین ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا، ٥٧ پارتی سیاسی، دەزگا و زۆر رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، هونەرمەند و ئەکادیمی لە کۆنفڕانسێکدا کۆبوونەوە. بە گشتی ٢٦٧ کەس لە کۆنفڕانسەکەدا ئامادە بوون. کۆنفڕانسەکە، لە گۆڕەپانی ریپون لە کۆشکی رۆمین ئەنجامدرا کە پەیمانی لۆزانی تێدا ئەنجامدرا و کوردستان کرایە چوار پارچە.
 

لە کۆنفڕانسەکەدا کە بە خولەکێک رێزگرتن دەستیپێکرد. ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) قسەی کرد. زوبەیر ئایدار، عەزیز مەملی، دڵشا عوسمان و بلێرە جەبار فەرمان لە دیوانەکەدا جێگەیان گرت.

قەرەمووس رایگەیاند کە ٩٩ ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێدەپەڕێت و لەم کۆنفڕانسەدا هەموو دەزگا و کەسایەتیە کوردستانیەکان هەڵوێستی خۆیان لەدژی پەیمانی لۆزان پیشان دەدەن.

عەبدولکەریم عوبەر لە نوێنەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوای پیشاندانی بەڵگەفیلمێک لەسەر پەیمانی لۆزان، قسەی کرد. عەبدولکەریم عومەر رایگەیاند کە هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و وتی، " بۆ ئەوەی لۆزانێکی نوێ دروست نەبێت، پێویستە شۆڕشی رۆژئاوا بپارێزرێت."

رەمزی کارتال هاوسەرۆکی کۆنگرا – گەل ئاماژەی بە گرنگی کۆنفڕانسەکە کرد و رایگەیاند کە کورد کوردی سەدەی رابردوو نییە.

لەسەر ناوی تەژەکە – ئەوروپا زپزان سەرحەدیش قسەی کرد و رایگەیاند کە ئەوان وەک ژنانی کورد، ئێدی داگیرکەری و خیانەت قبوڵ ناکەن و وتی، " لەم هۆڵەدا کوردستان کرایە چوار پارچە. ئەمڕۆ ئێمەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، کۆبووینەوە. ئێدی پێویستە کورد نەمرن، بە فڕۆکە بۆردومان نەکرێن."

لە کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا ئەنجامننامە بڵاودەکرێتەوە. لە ئەنجامننامەکەدا بەرنامەی کۆمیتەی ساڵانە کە لەدژی پەیمانی لۆزان ئامادە کراوە، رادەگەینرێت.

ف.ق