لە نیکۆسیای قوبرس چالاکیی ئیدانەکردن؛ ئازادی بۆ کەنعان ئەیاز

" زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی قوبرس ئامادەی چالاکییەک بۆ ئازادیی کەنعان ئەیاز بوون و وتیان، "خەباتی ئەیاز خەباتی ئێمەیە".

بە ڕێکخستنی چالاکییەک لە گۆڕەپانی ئازادیی لیدرا لە نیکۆسیای قوبرس، بڕیارەکەی دادگای ناوچەی لارناکای قوبرس بۆ ڕادەستکردنی سیاسەتمەداری کورد کەنعان ئەیاز بە ئەڵمانیا، ئیدانە کرا.

جەماوەری گەل بە بانگەوازی کۆمیسیۆنی پشتیوانی لە گەلی کورد کۆبوونەوە و پۆستەرێک، کە دروشمی "ئازادی بۆ کەنعان ئەیاز" لەگەڵ وێنەی تیۆفیلۆس جۆرجیادیس بەرزکرانەوە، کە جۆرجیادیس لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کراوە.

سەرۆکی گشتیی پارتی سەوز جۆرج پێردیکیس، وتەبێژی کۆمسیۆنی پاڵپشتی لە گەلی کورد لە قوبرس فۆیبوس گ. سپارۆس، نوێنەری بزووتنەوەى سۆسیال دیموکراسی (EDEK)ی قوبرس ئێلینا لیمپوری، وەزیری ناوخۆی پێشووی قوبرس نیۆکلیس سڤلیکیۆتیس لە حیزبی پێشڕەوی کرێکارانی قوبرس (AKEL)، ڕۆژنامەنووس ئالێکۆس میچالیدیس، پەرلەمانتار کۆستیس ئێلستاتیۆن، پەرلەمانتار دێمیتریس پاپاداکیس، پارێزەری ئەیاز بە ناوی ئێفستاتیهیۆ ئێلستاتیۆن، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی گەنجان و گروپە ئەنارکیستییەکان شانبەشانی کوردستانیان بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.

بەشداربووان وتیان: "نابێت خەباتی سیاسەتمەدار ئەیاز بە تیرۆر پێناسە بکرێت. ئێمە قبوڵی ناکەین سیاسەتمەدارێکی کورد کە گیانی خۆی بۆ ئازادیی گەلەکەی تەرخان کردووە بە دەستی خۆمان ڕادەستی بکەین. گەلی قوبرس پشتیوان لە سیاسەتمەداری کورد کەنعان ئەیاز دەکات. تێکۆشانی ئەیاز تێکۆشانی ئێمەیە."

چالاکییەکە بە دروشمی "ئازادی بۆ کەنعان ئەیاز" و بە چەپڵە لێدان کۆتایی پێهات.

ژ.ت