لە عێراق پێنج چەتەی داعش دەستگیرکران

دەزگای هەواڵگری عێراق بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكان لەدوو ئۆپراسیۆنی جیادا، توانیان پێنج چەتەی لە بەغدا و سەڵاحەدین دەستگیر بكەن، كە ئەو چەتانە لەسەڵاحەدین پاڵپشتی لۆجستییان پێشكەش بەداعش کردوە.

دەزگای هەواڵگری عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەری و پێكهێنانی تیمێكی تایبەتمەند لە دەزگای هەواڵگری لە هەردوو پارێزگای بەغدا و سەڵاحەدین، هێزەكانیان لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا توانیویان پێنج تیرۆریستی داواكراو بەپێی بڕگەكانی مادەی ٤/ تیرۆر دەستگیر بكەن، هەروەها لێكۆڵینەوەی سەرەتاییان لەگەڵ كراوە و ڕەوانەی دادگا كراون.

ئاماژەی بەوەشكراوە، ئەو پێنج تیرۆریستە پاڵپشتی لۆجستییان پێشكەش بە گروپە تیرۆریستی داعش دەكرد لە پارێزگای سەڵاحەدین، هەروەها زانیارییان لەسەر جموجۆڵی هێزە ئەمنییەكان دەدا بە تیرۆرستانی داعش.

ئەمە لەكاتێكدایە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەو پارێزگایانەی، كە جموجۆڵی چەتەكانی داعش تێدا بەدی بكرێت، ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی چەتەكان ئەنجام دەدەن، بۆ ڕیشەكێشكردن و لەناوبردنی چەتەكانی داعش و پاشماوەكان.

ف.ق