لە رێگەی کام کۆمپانیا و کەسەوە دارەکانی باشووری کوردستان دەبڕدرێنەوە و دەبرێن بۆ تورکیا؟

جەنگیز هۆڵدینگ بە تەندەرەکانی ئاکەپەی دەسەڵاتدار گەورە بووە. بە هاوبەشیی عەلی عەونیی پەدەکەیی کار بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان بە شێوەی هەمیشەیی دەکات. رێگای سەربازی دروست دەکەن و دارەکان دەبڕنەوە و دەیبەن بۆ تورکیا.

گروپی کۆمپانیاکانی جەنگیز هۆڵدینگ یەکێک لە کۆمپانیاکانی سەر بە ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیایە. ئەو کۆمپانیایە بە دروستکردنی بەنداو و وێستگەى کارۆئاوی لە تاڵانکردنی کان و کانزاکانی باکووری کوردستان تێر نەبووە و ئێستا لە رێگەى هاوبەشەکەیەوە دەستی بە تاڵانکردنی سامان و کانزاکانی باشووری کوردستان کردووە.

جەنگیز هۆڵدینگ و عەلی عەونی دارەکان دەبڕنەوە و دەیبەن بۆ تورکیا

جەنگیز هۆڵدینگ لە سەردەمی ئاکەپەدا و بە پێدانی تەندەرەکان دەستیکرد بە بەشداریکردن لە تاڵانکارییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان. لەهەر ناوچەیەکەدا، کە تورکیا لە رووی سەربازی و سیاسییەوە جموجوڵی هەبێت ئەو کۆمپانیایە وەک هێزێکی شوێنگەرەوە و تەواوکاری داگیرکەرییەکە دەستبەکار دەبێت. لە ئازەربایجانەوە تاوەکو باڵکان کار و تەندەری بۆ تەواوکردنی پرۆژە سیاسیی و سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پێدەدرێت.

جەنگیز هۆڵدینگ یەکێک لە کۆمپانیا بڕاو پێکراوەکانە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و پشتی پێ بەستووە. ئەوکۆمپانیایە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و رێگای هەولێر – پردێ (ئاڵتون کوپری) دروستکردووە. بە دروستکردنی بەنداوی ئیلی سوو لەسەر رووباری دیجلەش بە بکوژی حەسکێف دەناسرێت.

 ئەو کۆمپانیا لەمدواییانەدا بە هاوکاریی کۆمپانیا خۆجێیەکان، کە کردوونی بە هاوبەش و هاوکاری خۆی بەشێک لە کارەکانی بەڕێوەدەبات. نمونەى ئەو شێوازە کارکردنەش ئەوەبوو، کە دارەکانی باشووری کوردستانیان بڕییەوە و دارەکانیان برد بۆ تورکیا. هاوبەشی ئەو کۆمپانیایە لە باشووری کوردستاندا عەلی عەونی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یە. عەلی عەونی بە سوکایەتیکردن و دژایەتیکردنی بزووتنەوەى ئازادیی کورد دەناسرێت.

 بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، ٣ کۆمپانیای هاوبەش، کە کار بۆ جەنگیز هۆڵدینگ دەکەن سەر بە عەلی عەونین و ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا دارەکان دەبڕنەوە و دەیبەن بۆ تورکیا. هەروەها رێگای سەربازی ئەو شوێنانە دروست دەکەن، کە سوپای تورکی داگیرکەر بنکە و خاڵی سەربازیی تیادا دروستکردوون تاوەکو ئەو بنکە و بارەگا سەربازییانە سنووری خۆیان بەرفراوانتر بکەن. هەر خۆی چەند رۆژ لەوە پێش کۆنسوڵی دەوڵەتی تورک لە هەولێر رایگەیاند، لەو زەوییانەدا، کە لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە داریان بڕیوەتەوە بۆ ئەوەى رێگا لەو شوێنانەدا دروست بکەن.

دامەزراندن و کارە سەرەتاییەکانی جەنگیز هۆڵدینگ

جەنگیز هۆڵدینگ لە ساڵی ١٩٨٧دا دامەزراوە. لە بواری بیناسازی و دواتر بە سەرمایەگوزاری لە کەرتەکانی وزە و کانزاکان و گەشتیاریدا خۆی گەورە کرد. لەکاتی سەرۆک وەزیرانی مەسعود یڵمازدا لە ساڵانی ١٩٩٠دا پرۆژە و تەندەری رێگای کەناری دەریای رەشی پێدرا و بەوە خۆی هەندێک قایم کرد، بەڵام زۆرترین گەشە و گەورەبوونی لە سەر دەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا روویدا. ژمارەیەکی زۆر تەندەری پێدرا و ئەمڕۆ بووەتە خاوەنی سەرمایەیەکی زۆر و ٣٥ کۆمپانیا لە ژێر چەتریدا کار دەکەن. ئاڵۆگۆڕی سەرمایەی ساڵانەی ئەو کۆمپانیایەی سەر ئاکەپە گەیشتووەتە ٥ (پێنج) ملیار دۆلار.

لیماک هۆڵدینگ، کایلۆن هۆڵدینگ، کۆلین هۆڵدینگ و ماکیۆ هۆڵدینگ بە سەرۆکایەتیی جەنگیز هۆڵدینگ بە "پێنج چەتەکە" دەناسرێن. لەم ٥ ساڵەی دوایدا هەموو کارە گەورەکان لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە ئەنجامدراون. ئەو کۆمپانیایانەى سەر بە ئاکەپە فایلیان رەش و چەپەڵە. لەلایەک بەبێ پێشبڕکێ تەندەریان پێدەدرێت و لەیەلاکی ترەوە بەبێ لیژنە و کۆمسیۆنی فەرمی کارەکانیان بەڕێوە دەبەن.

لە جیهاندا لە ریزی ٥ یەکەمەکاندان

بانکی جیهانی لە ١٣٧ وڵات دا لێکۆڵینەوەى لە ٦ هەزار و ٤٠٠ تەندەردا کردووە و راپۆرتێکى لەسەر تەندەرەکانی بیناسازی نوێکردووەتەوە و بڵاویکردووەتەوە.  لە لیستەکەدا، کە هەموو ساڵێک نوێ دەکرێتەوە، کۆمپانیاکانی تورکیا لە ریزی یەکەمدان. کۆمپانیای لیماک بە ٤٩ ملیار دۆلار سەرمایە یەکەمە. کۆمپانیای ئۆدێربرێچت سای بەڕازیلی بە سەرمایەی ٤٣ ملیار دۆلار دووەمە.

بەپێی لیستەکەى بانکی جیهانی کۆمپانیاکانی ریزبەندی سێیەم و چوارەم سەر بە تورکیان. جەنگیز هۆڵدینگ لە بواری بیناسازیدا بە سەرمایەی ٤٢.١ ملیار دۆلا لە ریزبەندی سێیەمدایە و کۆلین بە سەرمایەی ٤٠.٤ ملیار دۆلار لە ریزبەندی چوارەمدایە.

دۆستایەتی و پەیوەندیی ئاکەپە و جەنگیز تەنها لە بواری پێدانی تەندەردا نییە، بەڵکو ساڵی ٢٠١٠ کۆمپانیای جەنگیز هۆڵدینگ لە ژێر باری باج دا دەیناڵاند، بەڵام ئاکەپە لە ٥ گروپ و وەجبەی جیاجیادا لە باجەکانی سەر جەنگیز هۆڵدینگ خۆش بوو. هەروەها لێخۆشبوونی بۆ قەرزێکی ٣١ ملیۆن و ٤٨٥ لیرەیی و قەرزێکی تری ٤٢٠ میۆن و لیرەیی بۆ محەمەد جەنگیز دەرکرد. ئەوانەش هەمووی بە ناوی سەرلەنوێ پیاداچونەوە و چاکسازیکردن هەموو ساڵێک بۆ ئەو کۆمپانیایە دووبارە دەکرێتەوە.

چیمەنتۆ – بەڕێوەبەری لە تورکیا

چیمەنتۆ – بەڕێوەبەری (رۆڵی کۆنکرێت و چیمەنتۆ لە دەسەڵاتی تورکیا)، کە لایەنەکانی سەرمایە پێکدەهێنێت لە رووی سیاسییەوە بە گەیشتنە سەر دەسەڵاتی ئاکەپە زۆر گەورەکران و لە ساڵی ٢٠٠٢دا لەگەڵ دەسەڵاتی ئاکەپەدا بە شێوەیەکی نایاسایی زۆر گەورە بوون. ئەوە لە لێکۆڵینەوەکردن لەسەر هەندێک لە کۆمپانیاکاندا سەلمێنراوە.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا و بە گۆڕینی یاسای کانزاکان وەرگرتنی مۆڵەت بۆ بەکارهێنان و دەرهێنانی کان و کانزاکان ئاسانتر کرا. ئەوەش بە یاسای ژمارە ٥١٦٢ لە هەمان ساڵدا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکایەتیی فەرمانگەی دروستکردنی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران (تۆکی - TOKÎ) زۆر گەورە و بەهێز کران. تۆکی لە دوای ئەوەى زەویی بەفەرمانی سەرۆک وەزیران بەبێ هیچ بەرامبەرێک وەردەگرت، لە پرۆژەکانی بیناسازیدا دەرفەتی بۆ کۆمپانیاکانی بواری بیناسازیی سەر بە ئاکەپە دەڕەخساند و  هەلی کار و سەرچاوەی داهاتی پێشکەش دەکردن.

چیرۆکی تۆرونلار، سۆما هۆڵدینگ، کۆلین و چەندین کۆمپانیای تری ئەو بوارەی هەموویان وەک یەکە.

کانەکانی ئازەربایجان

"چاکەیەک" لەلایەن ئازەربایجانەوە بۆ جەنگیز هۆڵدینگ ئەنجامدرا. لە کاتی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، کە تورکیا لە پشت شەڕەکەوە بوو، ئیلهام عەلییڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کاری دۆزینەوە و گەڕان و بەرەوپێشبردن و بەکارهێنانی سەرچاوەی کانزاکانی گاشگاچی، ئەلبەدیداس و ئاگدوزداغی دا بە ئەتی باکر ئە. ش ، سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەلبەدیداش و ئاگدوزداغ بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ دا بە ئارتڤین مادەنجیلیک ئە. شیی سەر بە ئەتی مادەنی گروپی کۆمپانیای جەنگیز هۆڵدینگ. دوای شەڕی قەرەباغیش دەوڵەتی ئازەربایجان گروپی دەمیر ئۆرنی دەرفەتی پێشبڕکێی تەندەر و بەکارهێنانی کارتی دەوڵەتی لە کۆمپانیای ئازەرلۆتەری سەندبووە. هەروەها کایلۆن بۆ بیناسازی ژمارەیەک ریککەوتنی بۆ دروستکردنی رێگاکانی ناوچەکە مۆر و ئیمزا کردووە.

پرۆژە تەواوکراوەکانیان: فڕۆکەخانەى هەولێر و رێگای هەولێر – پردێ

بەپێی ئەو زانیارییانەى جەنگیز هۆڵدینگ لە ماڵپەڕەکەیاندا لە ئینتەرنێت بڵاویانکردووەتەوە چەند پرۆژەیەکیشیان لە کوردستان ئەنجامداوە، کە ئەو پرۆژانە بوونەتە هۆی تاڵانکردن و تێکدانی سروشتی کوردستان و پرۆژەکانیش بریتین لە:

دروستکردنی بیناسازیی بەنداوی ئیلی سو و وێستگەکانی کارۆئاوی.

دروستکردنی پردەکانی حەسێکف لەسەر رێگاکانی ئیلح - حەسکێف و ئێلح – سێرت.

دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

کاری نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگای هەولێر – ئاڵتون کوپری (پردێ).

لە ئێستاشدا خەریکی ئەم دزی و تاڵانی و داگیرکەرییەن بەهاوکاریی عەلی عەونیی ئەندامی مەکتەب سیاسیی پەدەکە

بڕینەوەی دارەکانی باشووری کوردستان و بردنی بۆ تورکیا.

دروستکردنی رێگای سەربازی بۆ فراوانکردنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا.

تاڵانکردنی کانزاکانی کۆمۆر و خەڵوزی بەردین.

هاوکات لەگەڵ ئەو تاڵانکارییەدا کار بۆ دۆزینەوەى کان و کانزاکانی زێڕ، مس و ئاسن لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشوور دا دەکەن تاوەکو وەکو دارەکان ئەو کان و کانزانەش تاڵان بکەن.

ژ.ت