لە ساڵی ٢٠٢٤ توندوتیژی بەرامبەر منداڵان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ توندودیژی بەرامبەر منداڵان لەدرێژەی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ئەنتۆنیۆ گیوتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکرایەوە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ پێشێلکردنی مافی منداڵان بەڕێژەی ٢٥٪ بەرزبووەتەوە.

زیاتر لە ٤٥ هەزار پێشێلکاریی توند و سەخت

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا ٤١ هەزار و ٣٧٠ پێشێلکاریی توند ڕویداوە. ٣٦ هەزار و ٢٢١ لەوانە لە ساڵی ٢٠٢٤ ڕوویانداوە و پێنج هەزار و ١٤٩ ڕووداوی ساڵانی تریش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا سەلمێنراون بەهی ٢٠٢٤ هەژمار کراون. ئەو ڕێژەیە بەرزترین ئاستی ٣٠ ساڵی ڕابردووە. لانیکەم چوار هەزار و ٥٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە حەوت هەزار منداڵیش برینداربوون.

نوێنەری تایبەتی منداڵان و پێکدادانە چەکدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیرجینا گامبا ڕایگەیاند: ٢٢ هەزار و ٤٩٥ منداڵ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژیانە بوونەتەوە. ئەو منداڵانە لەجێی ئەوەی کە بچن بۆ قوتابخانە یان یاریبکەن ناچار ماون شەڕی ژیانی خۆیان بکەن، ئەمە هۆشدارییەکە ئیتر کاتی کۆتاییهاتنی ئەمەیە.

ئیسرائیل و حەماس سەردەستەی لیستی ڕووڕەشین

لە "لیستی ڕووڕەشی"ـدا کە بەشێکە لە ڕاپۆرتەکە، لەو لایەنانە پێکدێت کە بەرپرسیاری پێشێلکارییەکانی مافی منداڵانن. ئەمساڵیش هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و حەماس لە لیستەکەدان. بەتایبەتیش لە شەڕی غەززەدا زیاتر لە هەشت هەزار و ٥٠٠ پێشێلکاریی توندی مافی منداڵان ڕوویداوە و بەوەش لە پێشەوەی لیستەکەدا جێدەگرێت. نەتەوە یەکگترووەکان پشتڕاستی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە غەززە هەزار و ٢٥٩ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی  چوار هەزار و ٤٧٠ منداڵیش بەردەوامە. ئاماژە بەوە درا کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان زیاتر لە ٥٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.

ئەو ناوچانەی توندوتیژیی تێیاندا زۆرە

جیاواز لە غەززە ئەو وڵاتانەی کە پێشێلکاریی توندی مافەکانی منداڵانیان تێدایە بریتین لە:

-کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک: زیاتر لە چوار هەزار پێشێلکاریی

-سۆماڵ: زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ پێشێلکاریی

-نێجیریا: نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ پێشێلکاریی

-هایتی: زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ پێشێلکاریی ( لەماوەی ساڵێکدا ٤٩٠٪ زیادی کردووە)

بە تایبەتی لە هایتی بەشداریی منداڵان لە گرووپە چەتە چەکدارەکاندا، توندوتیژی سێکسی و تاوانکاری نیگەرانی گەورەی لێکەوتەوە. هایتی لەبەر گرووپێکی چەتە بەناوی "ڤیڤ ئانسانم"(پێکەوەژیان) کە منداڵان لە شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکاندا بەکاردێنێت و بەهۆی ڕووداوەکانی دەستدرێژیی بەکۆمەڵەوە لە سەرەتادا لەناو "لیستی ڕووڕەشی"ـدا جێی گرت.

'ئیتر کاتی هۆشیاربوونەوەیە'

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی دژی منداڵان لە شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکاندا چووەتە قۆناغێکی سیستماتیکییەوە و لەپێناو پاراستنی منداڵان پێویستە بەپەلە لە ئاستی جیهانیدا ڕێوشوێن بگیرێتە بەر. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و گوتی: "ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێژە پێک نایەت؛ هەر ئامارێک تراوما، ئازار و دواڕۆژی منداڵانە."