لە سلێمانی سێ تيرۆرست دەستگيرکران

وەزارەتی بەرگریی عێراق رايگەياند: "سێ تیرۆرستمان لە پارێزگای سلێمانی بە هاوكاریی ئاسایشی پارێزگاكە دەستگیركردووە."

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەيەندراوێکدا بڵاويکردەوە: "لە ئەنجامی هەماهەنگی نێوان بەڕێوبەرایەتی هەواڵگریی عێراق و بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی و لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشدا، سێ داواكراو بە مادەی ٤ی تیرۆر لە پارێزگای سلێمانی دەستگیركران."

وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو: "داواكراوەكان وایانزانیبوو كە دوورن لە چاوی دەزگا ئەمنییەكان، بەڵام هەماهەنگییە هاوبەشەكان هۆكاربوون بۆ ئەوەی تۆمەتبارەكان بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەربگرن."

دوێنێ یەحیا ڕەسول وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: "لە درێژەی گەڕان بەدوای داواکراو و ئەندامانی داعشدا توانرا دوو کەس لە هەلەبجە دەستگیر بکرێن، کە بەشداریان لە چەند تاوانێکدا کردووە."

ک-ش