لە یادی شەهیدانی ٩ی ئایار رێپێوانێک لە بروکسێل بەرێوەدەچێت

پەژاک و کەژار لە یادی شەهیدانی ٩ی ئایار و هەروەها بە مەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی لەسێدارەدان و دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە بروکسێل رێپێوانێک ساز دەکەن.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە بانگەوازێکدا لە ژێر ناونیشانی "بە رۆحی بەرخودانی شەهیدانی ٩ی ئایار تا گەیشتن بە سەرکەوتن پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بکەین" ئاماژەیان بە سیاسەتی لەسێدارەدان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە کردووە وەک یەکێک لە ئامرازەکانی سەرکوت و لەو چوارچێوەدا لەسێدارەدانی چوار شۆڕشگێری کوردی ئەندامی پەژاک؛ هەریەک لە شیرین عەلەمهولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی و چالاکێکی دیکەی بە ناوی مەهدی ئیسلامیان لە ٩ی ئایار ٢٠١٠ بە بیرهێناوەتەوە و رایانگەیاندوە: "ئەو کردەوە دزێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا نەیتوانی رێگا لە بەرەوپێشچوونی ئامانجی شەهیدانی ٩ی ئایار بگرێت، بەڵکوو ئەمڕۆ ئاکامی تێکۆشانی هەڤاڵانمان لە دووتوێی فەلسەفە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بووەتە هێزێکی گەورە و تەنگی بە کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵچنیوە".

هەر لە درێژەدا راشیان گەیاندووە: "بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ٩ی ئایار، شەرمەزارکردنی سیاسەتی لەسێدارەدان و کردە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها پشتیوانی لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی لە ناوخۆی کوردستان و ئێران و بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازانی راپەڕیو لە دژی دەسەڵات"، وەک پەژاک و کەژار رۆژی ٦ی مانگی ئایار لە شاری برۆکسێلی پایتەختی بەلژیکا چالاکییەک لە شێوەی رێپێوان و گردبوونەوە بەڕێوەدەبەن.

دواشیان لە هەموو لایەنە ئازادیخوازەکان کردووە بە رەنگ و هێمای خۆیانەوە بەشداری لەم رێپێوانەدا بکەن و چالاکییە لە دژی سیاسەتی لە سێدارەدان و هاوکات بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەهێزتر بکەن.

کات:

٦-٥-٢٠٢٣

کاتژمێر ١٣:٠٠-١٧:٠٠

شوێن:

بروکسێل لە Monument leopold II ,place de trône بەرەو Place de schuman

هـ . ب