لە ئەڵمانیا چالاکی هاوبەش دژی سیاسەتی لەسێدارەدان لە ئێران بەڕێوەدەچێت
ژمارەیەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنە چەپ و دیموکراسیخوازەکانی ئێران لە دژی سزای لە سێدارەدان، چالاکییەکی هاوبەش لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەبەن.
ژمارەیەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنە چەپ و دیموکراسیخوازەکانی ئێران لە دژی سزای لە سێدارەدان، چالاکییەکی هاوبەش لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەبەن.
بڕیارە لە ٢٤ی حوزەیراندا بە دەستپێشخەری هەر یەک لە کۆمیتەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ویلایەتی راینی باکوور-وێستفالیای ئەڵمانیا و حزبی چەپی ئێران چالاکییەک لە شاری کۆڵن بەڕێوەبچێت.
چالاکییەکە کە بە پاڵشتی لایەنە چەپ و دیموکرات و رزگاریخوازەکان بەڕێوەدەچێت تیایدا سیاسەتی لەسێدارەدان کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە وەک ئامرازێکی سەرکوتی خەڵک پشتی پێدەبەسترێت، ئیدانەدەکرێت و سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و رای گشتی بۆ سەر ئەو تاوانەی دەوڵەتی ئێران رادەکێشرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی رێژەی جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و ساڵی رابردوو ٥٨٢ کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون و تەنیا لەم ساڵیشدا ئەو سزایە بە سەر ٣٤٦ کەسدا جێبەجێکراوە.
چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەو بڕوایەدان دەسەڵاتی ئێران بە مەبەستی چاوترساندنی خەڵکی راپەڕیو و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان پەنای بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بردووە.
زانیارییەکان لە بارەی چالاکییە ناڕەزایەتیەکەی ئەڵمانیا:
کاتی چالاکی: ٢٤/٦/٢٠٢٣ کاتژمێر ١٠:٠٠ تا ٢٠:٠٠
شوێنی چالاکی: Chlodwigplatz köln
هـ . ب