لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیدا لانیکەم ٦٧ کەس دەستگیرکران
پۆلیسی تورک لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیدا لە تەکرداغ و مێرسین لانیکەم ٦٧ کەسی دەستگیرکرد.
پۆلیسی تورک لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیدا لە تەکرداغ و مێرسین لانیکەم ٦٧ کەسی دەستگیرکرد.
چەند رۆژ بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لە زۆر شار ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی لەدژی کورد و سۆسیالیستەکان ئەنجامدرا.
لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی داواکاری کۆماری تەکرداغدا، بە شێوەیەکی هاوکات پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ژمارەیەک ماڵ و ناونیشان.
راگەیەندرا کە لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی 'ئەنجامێتی رێکخستن'دا ٣٠ کەس دەستگیرکران کە ٤ کەسیان لە چاناککالە بوون.
لەنێو دەستگیرکراوەکاندا عومەر فاروق کیریچ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان لە شارەکە، سەزا بویوککلچ و تورگوت حاسکان بەڕێوەبەرانی هەدەپەی شارەکە، فەیسەل کوتلوئای هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) لە چاناککالە محەمەد ئاکیورەک بەڕێوەبەری پارتی سەرلەنوێ بوژاندنەوەی سۆسیالیستی (سەیەکەپە) هەن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش سەرباز و پۆلیس لە ناوچەی قۆسەر، نسێبین، ستەور و دێرک هەڵیانکوتایە سەر زۆر ماڵ. بەوهۆیەوە ١٣ کەس دەستگیرکران و راگەیەندرا دەستگیرکراوەکان بە تۆمەتی 'هاوکاریکردنی رێکخستن' دەستگیرکراون.
هەروەها لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی داواکاری کۆماری مێرسین، لە مێرسین، ئەنقەرە، ئانتاڵیا، ئەدەنە و ئیزمیر پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ٢٨ ماڵ و ناونیشان.
لە چوارچێوەی ئەو لێپرسینەوەیەی کە لەلایەن داواکاری کۆماری مێرسین بە بیانوی بڵاوکردنەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەڕێوە دەبرێت، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر کۆمەڵەی پشتگیریکردن لە خانەوادەی زیندانی و سزادراوان لە چوکورئۆڤا و بەو هۆیەوە ٢٤ کەس دەستگیرکران. جگە لەوە لە ئەنقەرەش ژمارەیەک ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە دەستگیرکران.
ف.ق