لە شاری ئەستەمنبوڵ دایکانی شەممە، بەدروشمی "با چارەنوسی بێسوروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت و بێسەروشوێنکەرەکانیان بدرێنە دادگا" چالاکی هەفتانەی خۆیان رێکخست.
لە چالاکی 822هەمینی ئەم هەفتەیاندا، دایکان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕۆڵە بێسەروشوێنکراوەکانیان کرد، لە ناویشایندا خوێدکاری زانکۆ ئیسماعیل باخچەچی کە لە 24ی مانگی 12ی ساڵی 1997دا لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی تورکیاوە دەستگیر کرا و تا ئەمڕۆ چارەنوسی نادیارە.
لە چالاکییەکەدا، ئومێد باخچەچی برای ئیسماعیک باخچەچی و دایکە ئەسرا ئەسران ئاخاوتن و ڕایگەیاند: خوازیارین چارەنوسی سەرجەم بێسوروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت کە لە ساڵانی 90کانی سەدەی ڕابردووەوە دەستگیرکراون و تا ئێستا سۆراخێکیان نییە. هەروەها داواشیان کرد، بێسەروشێونکەرەکان بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا.
لە شاری ئامەدیش دایکانی شەممە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراون و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ- ئیهادە، ئەم شەممەیە 620مین چالاکی خۆیان ئەنجامدا.
لە چالاکییەکەدا، لە بەسەرهات و چارەنوسی ڕەسول ئەرسلان پرسرایەوە.
سەبارەت بەوەش بەڕێوەبەری ئیهادی ئامەد ئەرجان یڵماز ئاخاوت وتی: ڕەسول ئەرسلان لە ساڵی 1997 لە ناوچەی کەربۆرانی مێردین لە سەروبەندی شەڕێکی نێوان گەریلا و سوپای تورکیادا لە ناوچەکەیان نەخۆش دەبێت و بەمەبەستی چوونە لای پزیشک لە ماڵ دەچێتە دەرەوە. ئیتر لەو کاتەوە ون دەبێت و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە. لەو شەڕدا 7 کەس لەلایەن سوپای تورکیا دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن و تەرمەکانیان نادرێتەوە خانەواندەکانیان و بێسەروشوێن دەکرێن.
هەرچی بنەماڵەی ئارسلانە پێیانوایە: کوڕەکەیان یەکێک بێت لەو 7 کەسە کوژراوە و دەوڵەت چارەنوسی دەشارێتەوە و ئاشکرا ناکات.
لە ئیزمیریش، بەهەمان شێوە چالاکی ئەنجام درا و تێیدا باس لە چارەنوسی محەمەد ئۆزدەمیر کرا کە لە ساڵی 1997دا لە ئامەدی باکوری کوردستان دەستگیرکرا و تا بە ئەمڕۆ هەواڵی نازانرێت.
سەبارەت بەوەش بەڕێوەبەری ئیهادەی ئیزمیر، جانەر جانلی ئاخاوت و ئاماژەی بە نەهامەتییەکانی کەسی بێسەروشێنکراو کرد، کە لە گوندی ئارکی ناوچەی لجەی ئامەد لەلایەن دەوڵەتەوە ناچاری کۆچبەری دەکرێت و پاش ئەوە ڕوو دەکاتە شاری ئامەد و لەوێ بێسەوشوێن دەکرێت.
هاوکات کەسوکاری بێسوروشێنکراوانیش ڕایانگەیاند: چەندین ساڵی دیکەش بەسەر بێسەروشوێنکردنی ڕۆڵەکانماندا تێپەڕێت، هەرگیز لە بیریان ناکەین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسیان و حساب پرسینەوە لە بێسەروشوێنکەرانیان.
لە هەر سێ چالاکییەکەی ئەستەنبول، ئامەد و ئیزمیردا،کەسوکاری بێسەروشێنکراون جارێکی دیکە خوازیاربوون تا چارەنوسی هەزاران بێسوروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێن کە لە پرۆسێسی بکەری نادیاردا لە ساڵانی 90کانی سەدەی رابردوودا دەستگیرکراون و تا ئێستا سۆراخێکیان نییە. هەروەها داواشیان کرد، بێسەروشێنکەرەکان بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا و سزای بەرهەقی خۆیان وەربگرن.
هـ.هـ