بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردستان لە ئەسینای پایتەخیت یۆنان خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هێرشەکان بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئیدانە کرد.
ڕێپێوانەکە کە لە بەردەم ئەکادیمیای ئەسینا دەستیپێکرد و لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا کۆتایی هات. سۆسیالیستەکان و شۆڕشگێڕانی یۆنانی و ئینتەرناسیۆنالیستەکانیش بەشداری ڕێپێوانەکە بوون.
لە چالاکییەکەدا پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانی یەپەگە/ یەپەژە بەرزکرابونەوە و دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی زاپ"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "تورکیای تیرۆریست" دەوترانەوە.
گروپێک لە ڕێپێوانەکەدا بۆ ئەوەی سەرنج ڕابکێشنە سەر هێرشی چەکی کیمیایی، وێنەی گەریلاکان، کە جلوبەرگی خۆ شاردنەوە و ماسکی دژە گازیان بەستبوو و شەهید بوون، کردبووە بەرخۆیان و پێشەنگایەتیی بۆ رێپێوانەکە دەکرد.
هاوڵاتیانی دەوروبەریش بە چەپڵە لێدان پشتگیریان لە چالاکییە جەماوەرییەکە دەکرد.
کاتێک ڕێپێوانەکە گەیشتە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا، جەماوەر چالاکیی خولەکێک ڕێزگرتنیان بۆ یادی شەهیدانی کوردستان بەڕێوەبرد.
پاشان ئەرکان ئەرەنچی وتەبێژی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردستان وتی، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا شکستی هێناوە، بۆیە بە توندی پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و داوای هەستیاریی بۆ ڕای گشتی نێونەتەویی کرد.
ئەرەنچی رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بەبێ پابەندبوون بە سنوورە مرۆیی و ئەخلاقیەکان هێرش دەکات و وتی، شەوی ڕابردوو ٤ منداڵ لە ڕۆژئاوا کوژراون و ١١ منداڵیش برینداربوون و هێرشەکە ڕووی راستەقینەی دەوڵەتی تورکی ئەوەندەی تر ئاشکرا کردووە.
ئەرەنچی ڕایگەیاند، چ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و چ لە ڕۆژئاوادا بەرخۆدانێکی بەهێز هەیە و داوای لە گەلی کورد و دۆستانیان کرد کە بەرخۆدانی زیاتر و بەهێزتر بکەن.
دوای پێشکەشکردنی وتەکان، جەماوەر بە بەرزکردنەوەی دروشم کۆتاییان بە چالاکییەکە هێنا.
ژ.ت