لە زیندانی ئەسپیەی گیرەسون کتێبەکانی ئێنگلس "مەترسیدارن" و نادرێن بە زیندانیان

چەندین ساڵە لە زیندانی ئەسپیەی گیرەسونی تورکیا سیاسەتی گوشار و زۆرداری لەسەر زیندانیان هەیە. ئەو زیندانیانە کە دەنگیان نابیسترێت دوای هەوڵێکی زۆر رایانگەیاند، هەموو شتێک میزاجییە و داوای هاوکارییان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد.

زیندانەکانی تورکیا بوونەتە ناوەندی ئەشکەنجە، دوورخستنەوە و کاری بەدەر لە مرۆڤایەتی. لە زیندانی جۆری ئێڵ لە ناوچەى ئەسپیەی پارێزگای گیرەسون ژیان لە زیندانییەکان زۆر قورسکراوە. ئیدارەی زیندانەکە بە پاساوی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا نادات زیندانییەکان پێداویستییە مرۆییەکانیان دابین بکەن.

زیندانییەکان لە رێگەى تەلەفونەوە ئەوەى بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت بە بنەماڵەکانیان راگەیاند و وتیان، ژمارەی زیندانیان لە قەبارەی زیندانەکە زیاترە و قاوشی زیندانەکان کە بۆ شوێنی ١٤ کەس دروستکراوە ٢٤ کەسیان تێکردووە.

راشیانگەیاندووە، لە قاوشەکاندا سیستمی ژوور هەیە و دەبێت لە هەر ژوورێکی ٢٠ مەتریدا ٢ کەس بمێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ٣ کەس دەکەنە یەک ژوور و زیندانییەکان لە ژوورە بچووکەکانیشدا بە ناڕەحەتی هەناسەیان بۆ دەدرێت.

باسی ئەوەشیانکردووە، پەنجەرەکانی زیندان بە شیسی ئاسن گیراون شیشەکانیشیان بە تەلی دڕکاوی تەنیوە و بەو هۆیەوە زۆر بە ناڕەحەتی هەوایان بۆ دەڕوات و بە سەختی هەناسە دەدەن.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو هەڤاڵە زیندانییانەیان کە تووشی نەخۆشیی قورس بوون چارەسەرییان بۆ ناکرێت و بە هەست و رەفتاری نەژادپەرەستانە و فاشیستانە لێیان نزیک دەبنەوە و مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

هەروەها ئەوەشیان راگەیاند، دەست بەسەر نامەکان، رادیۆ و کتێبەکانیاندا دەگیردرێت. لە زیندانەکەدا کتێبی کوردی بە تەواوی قەدەغەیە و ئەو کتێبە تورکیانەشی لەسەر کورد بن بە پاساوی ئەوەى "کێشەدارن" نایاندەن بە زیندانییەکان. تەنانەت بەرپرسانی زیندانەکە کتێبەکانی فریدرێک ئێنگلس و میخائیل باکۆنین-یان بە پاساوی ئەوەى "مەترسیدارن" نادەن بە زیندانییەکان. هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا بەرپرسانی زیندانەکە رۆژنامەش بە زیندانیان نادەن.

ژ.ت