لەبەردەم شارەوانی دەستبەسەرداگیراوی ئاکدەنیز چالاکیی شەرمەزارکردن ئەنجامدرا

پاش ئەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز لە پشکی دەم پارتی هۆشیار ساری‌یەڵدز و نوریە ئارسەلان دەستبەسەرکران، گەل لەبەردەم شارەوانی کۆبوونەوە.

هاوسەرۆکان شارەوانی ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین لە پشکی دەم پارتی، هۆشیار ساری‌یەڵدز و نوریە ئارسەلان ئەم بەیانییە لە هەڵکوتانەسەر ماڵاندا دەستبەسەرکران. هاوکات ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆزگور چاگلار و حیکمەت باقرخان و نازلیهان ئۆروچ و یەعقوب دانش دەستبەسەرکران.

پۆلیسەکان کە شارەوانییەکەیان گەمارۆداوە، ڕایانگەیاند "قەیوم دانراوە" و بڕیاری نهێنی لەسەر دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە دراوە.

جەماوەری گەل لە گەڕەکە جیاوازەکانی ناوچەی ئاکدەنیز کۆبوونەوە، دژی دەستبەسەرداگرتن و قەیوم ڕێپێوانی شەرمەزارکردنیان ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی دەم پارتی مێرسین، بەدریە کوش لەبەردەم بینای شارەوانی ڕایگەیاند ڕێگە بە قەیوم نادەن، گوتی: "بانگەواز لە گەلی مێرسین دەکەین، خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن".

لەبەردەم شارەوانی بەردەوام درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" و "قەیومی دز شارەوانی جێبهێڵە" بەرز دەکرێتەوە.