له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كدا بۆ داواكردنی په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی دایكی ٩ كه‌س ده‌ستگیركران

جه‌ماوه‌رێك له‌ ئیسته‌نبوڵ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ پێناو داواكاری په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی دایكی كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی ساز بكه‌ن، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌سه‌ر و ٩ كه‌س به‌ لێدان و كه‌له‌پچه‌كراوی ده‌ستگیركران.

رێكخستنی پارتی دیموكراتیكی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ ئه‌سنیۆرتی ئیسته‌نبوڵ به‌ داواكاری په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی دایكی له‌ به‌رده‌م خوێندنگه‌ی سه‌رتایی ئیبراهیم ئایدین كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی سازكرد. پۆلیسه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر چالاكوانان و ٩ كه‌سیان له‌ پشته‌وه‌ كه‌له‌پچه‌ كرد و به‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و لێدان ده‌ستگیریان كردن.

له‌ كاتی ده‌ستگیركردندا لوتی هاوڵاتییه‌ك به‌ ناوی مه‌تین بروكان شكا و غه‌مزه‌ كایاش به‌ به‌رچاوی ٣ منداڵه‌كه‌یه‌وه‌ لێیدرا و ده‌ستگیركرا. له‌كاتی ده‌ستگیركردندا ئایته‌ن یلچمازیش له‌ هۆش خۆی چوو.

ناوی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان به‌م جۆره‌یه‌: "غه‌مزه‌ كایا، چایان یڵماز، دینچه‌ر گون، مه‌تین بوروكان، مه‌ده‌ت دوزه‌نلی، سینان پۆلاتخان، موراد گوڤه‌ن، ایته‌ن یڵماز و وه‌ڵات ئه‌كمه‌كچی".

ده‌ستگیركراوه‌كان مه‌به‌ستی پشكنینی ته‌ندروستی برانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ولچه‌ت له‌ به‌یلیكدوزو و دواتر بۆ وه‌رگرتنی وته‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ بنكه‌ی پۆلیس له‌ كراچ.

هـ . ب