لەسێدارەدانی گەنجانی کورد لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان شەرمەزارکرا

لە چالاکی دانیشتن بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ، لەسێدارەدانی گەنجانی کورد شەرمەزارکرا.

کوردستانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کات، کاتی ئازادییە" بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەموو چوارشەمەیەک لە گۆڕەپانی نەیشن لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکی دانیشتن ئەنجام دەدەن.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی گەنجانی کورد، موحسین مەزڵوم و محەمەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار و پژمان فەتحی کە ڕۆژی دووشەمە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لەسێدارەدران، دەستی پێ کرد.

لەسەر ناوی کۆمیتەی چالاکییەکە ئیبراهیم یوکسەل پەیوەست بە گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گوتی: "گۆشەگیری نامرۆڤانەی سەر ڕێبەرمان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بێت و هێرشی سەر گەلی کورد و کوردستان بەردەوامە".

پاشان یوکسەل تیشکی خستەسەر چالاکی مانگرتن لە خواردنی زیندانیان و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩.

یوکسەل ڕایگەیاند لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" درێژە بە چالاکی دەدەن، لەنێوان ١٠-١٥ ی شوبات ئەنتەرناسیۆنالیستەکانیش لە بازلەوە تا ستراسبۆرگ ڕێپێوان دەکەن، هەروەها بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ناوەندی ١٧ ی شوبات لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا.

پاشان کوردستانیان بە گوتنەوەی درووشم چالاکی دانیشتنیان بەردەوام کرد.