لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٦٧ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە رووی لە بەرزبوونەوەکردووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٦٧ کەس لە سێدارەدراون.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە رووی لە بەرزبوونەوەکردووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٦٧ کەس لە سێدارەدراون.
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ، لانیکەم ٦٧ کەس لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە لەسێدارەدراون، بەم پێیە بە شێوەی مامناوەند رۆژانە زیاتر لە دوو کەس لە ئێران لەسێدارەدراون.
بەشێک لەو کەسانەی لە سێدارەدراون تۆمەتی سیاسی و ئەمنییان رووبەڕووکرابووە. رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، محەمەد فەرامەرزی، موحسین مەزڵوم و وەفائازەربار لە زیندانی قزڵحسار لە سێدارەدران.
ئەو چوارزیندانیە کوردە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە لە ناوەندێکی پیشەسازی ئیسفەهانیان خرابووەپاڵ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بنەماڵەکانیان ئەو تۆمەتەیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە بە بێ چەک لە گوندێکی ورمێ دەستگیرکراون، کە سەدان کیلۆمەتر دوورترە لە ئیسفەهان.
هاوکات داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەکەن ئەو چوار چالاکوانە سیاسیە کوردە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچارکراون دان بە تۆمەتێکی هەڵبەستراودا بنێن و لە پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەدا دادگایی کراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانیە سیاسیە کوردە کاردانەوەی زۆری لێکەوەتەوە و رۆژی سێشەممە ٣٠ی کانوونی دووەم لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن بەڕێوەچوو، هاوکات بە شێوەی جەماوەری پرسەکانیان بەسەرکرایەوە.
٢٣ی ئەم مانگەش زیندانیەکی سیاسی کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەرکرابوو، بە ناوی محەمەد قوبادلو لە گەڵ زیندانیەکی ئایینی کورد بە ناوی فەرهاد سەلیمی کە ١٤ ساڵ بوو لەزینداندابوو، لە سێدارەدران.
تۆمەتی ئەو کەسانەی تر کە لەسێدارەدراون، کوشتنی بەئەنقەست و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر بووە.
لەئێستاشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانیانی سیاسی و ئایینی کە بەشێکیان کوردن، مەترسی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانیان لەسەرە.
بە وتەی چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەتی ئێران بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا لە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییە پەنای بۆ زیادکردنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بردووە.
ساڵی ٢٠٢٢ هاوکات لەسەر سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان گەیشتە ٥٨٢ کەس، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠٢١ ئەو ژمارەیە ٣٣٣ کەس بوو.
ساڵی ٢٠٢٣ش جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان زیاتر هەڵکشا و گەیشتە لانیکەم ٧٤٦ حاڵەت.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ساڵی ٢٠١٠ەوە لانیکەم حەوت هەزار و ٨٩٦ کەس لەئێران لە سێدارەدراون، کە بەشێکی بەرچاویان لە هەردوو پێکهاتەی نەتەوەیی کورد و بەلوچ بوون.
هەر لەماوەی ئەو ١٤ ساڵەدا ٢١٠ ژن و ٧٠ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش لە سێدارەدراون.
هـ . ب