دەوڵەتی تورک کە هەردەم لە پێگەی هێرشکردن بووە دژی تێکۆشانی ئازادی کوردستان، کەڵک لە کەلێنی سیاسی و سەربازی نێوان عێراق، ئێران و سوریا وەردەگرێت و بۆ هێرشێکی نوێی داگیرکاری خۆی ئامادە دەکات. دەوڵەت و سوپای تورک کە بەتایبەت لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا شەڕێکی بێوچان دژی هەرێمەکانی گەریلا بەڕێوە دەبات، سیاسەتی داگیرکاری و تاڵانکردن و زەوتکردن لە سەراپای کوردستان پێک دەهێنێت. لەم چوارچێوەیەدا دەوڵەتی تورک دەستی بە ئامادەکاری نوێ کردووە، لەڕێگەی بەکارهێنانی هاوسەنگییەکانی ئێستە، هەوڵدەدات پەدەکە و دەوڵەتی عێراق بکاتە ئامرازی سیاسەتەکانی.
پیلانی نوێ لە عێراق
دەوڵەتی تورک هەفتانە و مانگانە و ساڵانە تەمەنێک بۆ تێکۆشانی ئازادی کوردستان دادەنێت، لە هەموو هەوڵێکدا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی شکست دەهێنێت، ئەمجارە بە تایبەتی دەیەوێت بە پشتیوانی پەدەکە هیواکانی خۆی بەدی بهێنێت. دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ناهاوسەنگییە سیاسییەکانی عێراق بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، هەوڵدەدات هەلومەرجی هێرشکردن ئامادە بکات. لەسەر ئەم بناغەیە، دەیەوێت سود وەربگرێت لە قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا، ئەو ناسەقامگیرییە سیاسی و ئیدارییەی کە ساڵانێکە لە عێراق بەردەوامە، لەگەڵ ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان هێزە جیاوازەکانی عێراقدا هەیە.
هاتوچۆی دیپلۆماسی دژوار
دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ هێرشە سەربازییەکان، قورسایی خستۆتە سەر هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، لە ماوەی ٩ هەفتەدا لە عێراق لەگەڵ چەندین لایەنی جیاواز و پەدەکە کۆبووەتەوە. ڕۆژەڤی سەرەکی هەموو کۆبوونەوەکان، سیاسەتێک بوو دژی تێکۆشانی ئازادی کوردستان. ئەم کۆبوونەوانە بە بەشداری وەزارەتەکانی دەرەوە و وەزارەتەکانی بەرگری و سەرۆکی هەواڵگری ئەنجام دراون. یەکێک لەوانەش، کۆبوونەوەی ئیبراهیم کالن ڕاوێژکاری میت و شاندەکەی بوو کە لە ٢٣ی کانوونی دووەم لە بەغدا و ٢٨ی کانوونی دووەم لە هەولێر بەڕێوەچوو. پاشان وەزیری بەرگری، یاشار گولەر و فەرماندەی گشتی مەتین گوراک لە ٦-٧ ی شوبات چوونە بەغدا و دواتر چوونە هەولێر. لەو کۆبوونەوانە، بێجگە لە سەرۆککۆماری عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، لایەنە شیعی و سوننی و تورکمانەکان ئامادەبوون، هەروەها لە چوارچێوەی سەردانی هەولێر سەرۆکی پەدەکە مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی فیدراڵی کوردستان مەسرور بارزانی ئامادەبوون.
بەم دواییانەش سەرۆکی حەشدی شەعبی فالح ئەلفەیاز و شاندێک لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیان هاکان فیدان کۆبوونەوە.
پەدەکە لەژێر ناوی سوپای عێراق جێگیر دەبێت
دوای ئەم پێشهاتانە، بڵاوەپێکردنی سەربازی بۆ هەرێمەکانی گەریلا لەژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی سنووری عێراق پێکهات. هەرچەندە لە هەواڵی هەندێک میدیادا باس لەوە دەکرێت کە ئەم جموجوڵە سەربازییە بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە ئەنجامدراوە، بەڵام زانیارییەکانی هەرێمەکە شتێکی ترمان پێ دەڵێن. زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە گۆڕانکارییەکانی هەرێمەکە لەلایەن پەدەکەوە ئەنجامدراوە، هەموو ئەو هێزانە بەناوی یەکینەکانی پاراستنی سنوورەوە هەوڵی جێگیرکردنی دەدەن لە هەرێمەکانی گەریلادا، بەتایبەتی لە دهۆک و شیلادزێ، هێزەکانی گوڵان و پاراستن و زێرەڤانی سەر بە مەسرور بارزانیە. ئەم ڕەوشەی هەوڵ دەدرێت بە تێگەیشتنێکی جودا بخرێتە بەردەم ڕای گشتی، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی گەل ڕوونەدات، هەوڵدەدرێت بە ئاڵا و سیمبولی سەربازی عێراق ئەنجام بدرێت.
پەدەکە: سوپای تورک بەرەو سەرکەوتن دەچێت
لەو دیمەنانەی دەست کەوتوون، دەردەکەوێ کاتێک لە گوندی سیتای سەر بە هەرێمی شیلادزێ و هەرێمی ڕێکان جووڵەی سەربازی دەکرێت، یەکێک لە ئەندامانی پەدەکە دەچێتە گوندی سیتا و بە مۆبایلەکەی دیمەنی جموجوڵە سەربازییەکە دەگرێت. لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت کە هێزەکانی سەر بە پەدەکە بە ناوی یەکینەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە دەچنە ئەو هەرێمانەی لەلایەن سوپای تورکەوە داگیرکراون. هەروەها لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، هێزەکانی سەر بە پەدەکە بە پێشەنگایەتی سەربازانی تورک لە هەرێمەکە جێگیرکراون، ئەندامێکی پەدەکە دەڵێت؛ "سوپای تورک بەرەو سەرکەوتن دەچێت". لە چوارچێوەی ئەو جموجوڵە سەربازییەدا کە چەند ڕۆژێکە بەردەوامە، هەرچەند گوندی سەرزەری دهۆک بۆتە ڕۆژەڤ، زانراوە یەک لەو هەرێمانەی زۆرترین جموجوڵی تێدایە، هەرێمی شیلادزێیە.
پەدەکە باشووری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە
پێشتریش چەندین جار باس لەوە کراوە، پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک مامەڵە دەکات و گەلەکەشمان ناڕەزایەتی توندی نیشاندا. زۆرێک لە لایەنەکان داوا دەکەن پەدەکە دەست لەو کارانە هەڵبگرێت. بەڵام سەرەڕای ئەو بانگەوازانە، پەدەکە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی قۆناغەکە ئەم ڕاستییە دەردەخەن. هەرچەندە لە دوای شەڕی ٢٠٠٣ تا ئێستاش هیچ ئارامییەک لە وڵاتدا فەراهەم نەکراوە و ئەم ڕەوشەش بۆ ئەو سیستەمە هەمان شتە کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا هەوڵدەدات کارەکانی لە باشووری کوردستان جێبەجێ بکات. جگە پەدەکە بە کار و سیاسەتەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئایندەی باشووری کوردستان و گەلی باشووری کوردستان دەخاتە مەترسییەکی مەزنەوە. هەروەها ئەم ڕەوشە بۆتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێیەکی مەزن بۆ گەل.