مانگرتنی ئەر و داغ گەیشتە ٤٤ ڕۆژ
بەهۆی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانەی نێو زیندانی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ماوەی ٤٤ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
بەهۆی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانەی نێو زیندانی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ماوەی ٤٤ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
پاش کوژرانی پلەدارێکی کۆنسوڵخانەی تورک بەناوی عوسمان کۆسە لە ١٧ ی تەمموزی ٢٠١٩، هەریەک لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر تۆمەتبارکران و دادگا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن. لەو ڕۆژەوە لە زیندان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە، بۆیە لە ١٨ ئایارەوە دژی فشارەکان بۆ یەکپۆشی جلوبەرگ و مامەڵەی خراپ بەرامبەریان، مانگرتیان لە خواردن ڕاگەیاند.
مانگرتنەکەی ئەر و داغ لە زیندانی هەولێری ژێردەستی پەدەکە گەیشتە ٤٤ ڕۆژ و ڕەوشیان خراپە.
مەزڵوم داغ لە ٢٣ ی حوزەیران قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد و باسی لە خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی کرد و گوتی: "ئیدارەی زیندانەکە ١٠ ڕۆژە لێمان ناپرسنەوە، دەڵێن پزیشک و دەرمان نییە، ڕووبەڕووی مەرگمان دەکەنەوە".
عەبدولڕەحمان ٢٠ کیلۆگرامی لە کێشی لەدەستداوە و تەندروستی خراپە، داغ ڕایگەیاند ١٠ کیلۆ کێشی لەدەستداوە و ناتوانێت زۆر قسە بکات.
جێگەی ئاماژە پێدانە، داغ و ئەر لە ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ مانگرتنیان دەستپێکرد دژی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە، بەڵام لەبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژی ١٤ هەمین مانگرتنەکیان شکاند.
لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٣ ی شوبات ٢٠٢٢ دژی پێشێلکارییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، بەڵام لە ڕۆژی نۆهەمین پاش نەمانی پێشێلکارییەکان مانگرتنەکەیان شکاند.