مانگرتنی ئەر و داغ گەیشتە ٤٥ ڕۆژ

بەهۆی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانەی نێو زیندانی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ماوەی ٤٥ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

پاش کوژرانی پلەدارێکی کۆنسوڵخانەی تورک بەناوی عوسمان کۆسە لە ١٧ ی تەمموزی ٢٠١٩، هەریەک لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر تۆمەتبارکران و دادگا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن. لەو ڕۆژەوە لە زیندان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە، بۆیە لە ١٨ ئایارەوە دژی فشارەکان بۆ یەکپۆشی جلوبەرگ و مامەڵەی خراپ بەرامبەریان، مانگرتیان لە خواردن ڕاگەیاند.

جێگەی ئاماژە پێدانە، داغ و ئەر لە ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ مانگرتنیان دەستپێکرد دژی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە، بەڵام لەبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژی ١٤ هەمین مانگرتنەکیان شکاند.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٣ ی شوبات ٢٠٢٢ دژی پێشێلکارییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، بەڵام لە ڕۆژی نۆهەمین پاش نەمانی پێشێلکارییەکان مانگرتنەکەیان شکاند.

مەزڵوم داغ لە ٢٣ ی حوزەیران قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد و باسی لە خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی کرد و گوتی: "ئیدارەی زیندانەکە ١٠ ڕۆژە لێمان ناپرسنەوە، دەڵێن پزیشک و دەرمان نییە، ڕووبەڕووی مەرگمان دەکەنەوە".

عەبدولڕەحمان ٢٠ کیلۆگرامی لە کێشی لەدەستداوە و تەندروستی خراپە، داغ ڕایگەیاند ١٠ کیلۆ کێشی لەدەستداوە و ناتوانێت زۆر قسە بکات.

دوێنێ هەینی، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، ڕاگەیاندراوێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد: "پەدەکە بەرپرسیارە لە تەندروستی و ژیانی ئەر و داغ، پێویستە گۆشەگیری سەریان ڕابگرێت پێش ئەوەی ڕەوشیان خراپتر بێت، نابێت بچنە ژێر داواکارییەکانی تورکیا". هەروەها ڕایگەیاند: "پێویستە هەمووان هەڵوێست وەربگرن دژی سیاسەتەکانی پەدەکە".