مەراسیمی خەڵاتی ڕۆژنامەوانی موسا عەنتەر بەڕێوەچوو

هاووتەبێژی هەدەکە جەنگیز چیچەک، لە ٣٠ هەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانی موسا عەنتەر و شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد، گوتی: "چاپەمەنی ئازاد ڕۆڵ دەگێڕێت لە شەرمەزارکردنی گۆشەگیری ئیمراڵی".

٣٠ هەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانی موسا عەنتەر و شەهیدانی چاپەمەنی ئازاد، بە پێشەنگایەتی ڕۆژنامەی یەنی یەشام لە شارەوانی کادیکۆ بەڕێوەچوو. چالاکییەکە بە بەشدارییەکی بەرچاوی ڕۆژنامەوانان و لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانان بەڕێوەچوو. لە هۆڵەکەدا، وێنەی موسا عەنتەر و غوربەتەلی ئەرسۆز و ڕۆژنامەوانە کوژراوەکان لەگەڵ پانکارتی "ڕاستیی ئێوە لە تاریکیدا نامێنێت" هەڵواسرا.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە قوربانیانی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی دەستی پێ کرد. هاووتەبێژی هەدەکە و خاوەنی ئیمتیازی ڕۆژنامەی یەنی یەشام، جەنگیز چیچەک، گوتی: "چاپەمەنی ئازاد دەنگی شۆڕش و حەقیقەتە".

چیچەک تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی و گوتی: "یانارداغ لەسەر باسکردنی ڕاستییەک خرایە زیندان. هەروەها چاپەمەنی ئازاد دەڵێت دەبێت لەگەڵ ڕاستیدا بین. هەروەها چاپەمەنی ئازاد ڕۆڵی مەزنی هەیە لە شەرمەزارکردنی ئەو کەسانەی بەرامبەر گۆشەگیری ئیمراڵی خۆیان کڕوکپ کردووە. هەر بۆیە بوو بە ئۆرگانێکی چاونەترسی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد".

پاشان، سەرنوسەری گۆڤاری ژن لە ڕۆژنامەی یەنی یەشام، هیجران ئورون، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی ئەستەنبوڵ سیری سورەیا ئۆندەر، دیجلە عەنتەری کوڕی موسا عەنتەر و پەرلەمانتاری جەهەپە سەزگین تانریکولو، قسەیان کرد. دوای وتارەکان، یەکێک لە هونەرمەندەکانی ناوەندی چاندی میزۆپۆتامیا، باران بۆزیێل، چووە سەر شانۆ.

دوای گۆرانییەکانی هونەرمەند باران بۆزیێل، خەڵات دەبەخشرێت.