ئێستە لیرەی تورکی لە نزمترین ئاستدایە بە ڕێژەی ١٩.٥٦ بەرامبەر دۆلارێکی ئەمریکی، بەگوێرەی تۆڕی هەوڵی CNBC ئەمریکی هێشتا ئەگەری دابەزینی زیاتری لەپێشە.
ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوەچوون.
مایک هاریس دامەزرێنەری کۆمپانیای ڕاوێژکاری (کریپستۆن ستراتیژیک ماکرۆ) بە تۆڕی CNBC ڕاگەیاند، لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەردۆگان، ڕەنگە لەماوەی مانگێکدا لیرەی تورکی دابەزینی گەورە بەخۆوە ببینێت.
هەروەها گوتی: «ئەمە مانای نەمانی متمانەیە بە وەبەرهێنانی لیرەی تورکی، بەوەش دەبێتە یەکێک لە خراپترین دراوەکانی جیهان».
ئەمەش بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ئابوورییە نەشیاوەکانی ئەردۆگان.
لای خۆیەوە، ستیڤ ئێچ هانکی، پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، گوتی: «ئەوە چەند ساڵێکە بەهۆی بیرکردنەوە نەختینەییە نازانستییەکانی ئەردۆگانەوە، لیرەی تورکی لە هەڵبەزودابەز و قەیراندایە».
سیاسەتی نەختینەیی تورکی ئەولەوییەت دەبەخشێتە گەشە و کێبڕکێ هەناردەکردن لەبری هێورکردنەوە هەڵاوسان. ئەردۆگان پشتیوانی لە ڕوانگەیەکی ناڕاست دەکات، بەوەی بەرزکردنەوەی بڕی سود دەبێتە هۆی زیادکردنی هەڵاوسان لەبری هێورکردنەوەی. کاتێک ئەردۆگان بەرزکردنەوەی بڕی سود ڕەتکردەوە، ئەمە ڕۆڵی گەورەی بینی لە دابەزینە مێژووییەکەی لیرە، ئەو دەمەی لە ساڵی ٢٠١٨، لە ٤ لیرەوە گەیشتە ١٨ لیرە بەرامبەر هەر دۆلارێک.
هـ . ب