بە دیمەن

محێدین موگوچ: مافی هیوا لە تورکیادا ئەزموونێکی ڕاستەقینەی یاسایی و دیموکراسییە

هاوسەرۆکی لقی ئامەدی ئۆهەدە، پارێزەر محێدین موگوچ پێشهاتە سیاسیەکانی دوای بانگوازییەکەی ئیمراڵی هەڵسەنگاند و پەیوەست بە 'مافی هیوا'وە گوتی: "بەتەنها بابەتێکی یاسایی نییە، هاوکات تورکیایش پەلکێشی دیموکراسی دەکات."

دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، مژاری دیموکراتیکبوونی تورکیا جارێکی دیکە کەوتە ڕۆژەڤەوە، کە ساڵانێکە لە تورکیادا گیری کردووە. پەیوەست بە بانگەوازییەکە لەسەر بنەمای دیموکراتیزەکردنی تورکیا پەکەکە بڕیاری کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری هێنا. لەگەڵ بەردەوامی پرۆسەکەدا چاوەڕانییەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی لە تورکیادا زیاتر دەبێت، بە تایبەت ئەو بابەتانەی پێویستە سەرەتا گۆڕانکاری تێیدا بکرێت 'مافی هیوا' و  گۆڕینی دەستوورییە.

هاوسەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) پاریزەر محێدین موگوچ پەیوەست بە پرۆسەکەوە ئاماژەی بەوەدا پرۆسەکە تەنها ڕەهەندێکی سیاسیی نییە، بەڵکو هاوکات ڕەهەندێکی یاسایایشی هەیە. موگوچ پەیوەست بە 'مافی هیوا' گوتی، بریتییە لە مافی زیندانکراوان بۆ ژیان کە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا (DMME) بە بنەمای دەگرێت و مافی هیوایش بەو جۆرە هەڵدەسەنگێنێت.

موگوچ لە بەردەامییدا ئەمەی گوت: "دۆخی بەڕێز ئۆجالان سیمبوڵیک و تایبەتە. بەڵام  مافی هیوا تەنها بە ئەوەوە سنوردار نییە. بەڵکو پەیوەستە بە هەموو زینداکراوانی هەمیشەییەوە. هەموو ڕۆژێک مانەوە لە زیندان بەمانای پێشلکردنی مافی هیوا دێت."

موگوچ ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر ئۆزکان ئیکنجی، تاوەکو ئەیلولی ٢٠٢٥ کات دراوە بە تورکیا. موگوچ وتی،"ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت، پەیوەندییەکانی تورکیا بە میکانیزمە یاساییە نێونەتەوەییەکان زیانی بەردەکەوێت. بابەتەکە تەنها مافێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر پێگەی نێونەتەوەیی و لەنێویاندا ئەندامێتی تورکیا لە ئەنجوومەنی ئەوروپاش دەبێت. ئەگەر تورکیا بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا کار نەکات، ڕەنگە مافی ئەندامێتی لێوەربگێرێتەوە."

موگوچ باسی لەوەکرد لە تورکیا کورد تەنها لەژێر ناوی ناسنامەی "تورک"ـدا دەتوانێت ببێتە خاوەن ماف، ئەم بارودۆخەی بە 'پێشێلکردنی یاسا بنەڕەتییەکان' هەڵسەنگاند و وتی: "چارەسەری داننانە بە یاسا و دیموکراسییدا. بۆ گەیشتن بە مافی هیوا، پێویستە ریفۆرمێکی گەورە لە یاسای جێبەجێ کردندا بێتە ئاراوە. نەک تەنها مافی بەڕێز ئۆجالان، بەڵکو مافی گەلێک زیندانی لەو چوارچێوەیەدایە. تاوەکوو نایەکسانییەکان لە یاسایی جێبەجێکردندا لانەبرێت، ئەوا مافی هیوا بەڕاستی پێکناهێنرێت."

موگوچ ڕایگەیاند، مافی هیوا تەنها بابەتێکی یاسایی نییە، بەڵکو بابەتێکە کە تورکیایش پەلکێشی دیموکراتیزە دەکات و وتی، "مافی هیوا لە تورکیا ئەزموونی ڕاستەقینەی ماف و دیموکراسییە."

موگوچ ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەزموونکردنی دڵسۆزی بە پڕۆسەی چارەسەریی، مافی هیوا گرنگە و باسی لەوە کرد کە داننان بەم مافە سیاسی نییە، بەڵکو پێوێستییەکەی مرۆڤایەتی و یاساییە. محێدین موگوچ لە کۆتاییدا ئەمەی گوت: "مافی هیوا تاکە پێوەری ئەم پڕۆسەیەیە. ئەگەر بە ڕاستی چارەسەریی مەبەستە، دەبێت ئەم مافە جێبەجێبکرێت و گۆڕانکاری لە سزا و یاسای جێبەجێکردن بکرێت. مافی هیوا نەک تەنها بە زیندانیانەوە، بەڵکو وابەستەیە بە ویژدانی هاوبەشی تەواوی کۆمەڵگەوە و کاریگەری دادەنێت."