نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) نەسیرین عەبدوڵا و نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە سوید شیار عەلی لە دیدارەکانیان لە ئەوروپا چەندین کۆبوونەوەی جیاجیایان لەگەڵ وەزیری بەرگریی سوید پیتەر هۆڵتفێست، وەزیری دەرەوەی سوید ئان لیندی، هەردوو پەرلەمانتار ئامینە کاکەباوە و ئاندیش گۆست بێری و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ستۆکهۆڵم کادەر کسییەرگا ئەنجامدا.
لە دیدارەکاندا لەگەڵ وەزیری بەرگریی سوید پیتەر هۆڵتفێست و وەزیری دەرەوەی سوید ئان لیندی دۆخی ئەمنی ە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، داگیرکردنی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی لەلایەن داگیرکاری تورکیا و هەڕەشە رۆژانە و بەردەوامەکان لەسەر ناوچەکە تاوتوێ کران. هەروەها لەبارەی مەترسی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی چەتەکانی داعش بە تایبەتی دوای هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر زیندانی سەناعە، دۆخی کەمپەکان و گەمارۆکانی سەر هەرێمەکە وێڕای یاسای قەیسەر و ئەو گەمارۆیانەی لایەنەکانی تر لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەپاندویانە گفتوگۆکرا.
لە گفتوگۆکاندا هەوڵەکانی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ قەیرانی سوریا گفتوگۆی لەبارەوە کرا و راگەیەنرا کە ئەو هەوڵانەی تائێستا خراونەتەگەڕ هیچ ئەنجامێکیان لێنەکەوتووەتەوە.
هـ . ب