پارتی چەپی سوید پشتیوانی لە هەدەپە کرد

پارتی چەپی سوید لە کۆنگرەی هەرێمی ئۆپسالا دا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر هەدەپە ئیدانە کرد و ئەندامانی کۆنگرە پۆستەری "دەست لە هەدەپە هەڵگرن"یان هەڵدابوو.

کۆنگرەی هەرێمی ئۆپسالای پارتی چەپی سوید بەهۆی پەتای کۆرناوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنیت بەڕێوەچوو. میوانی نێونەتەوەیی ئەمساڵی کۆنگرەکە، دەروێش چیمەن نوێنەری هەدەپە بوو لە ئەوروپا.

چیمن سڵاوی لە بەشداربووانکرد و لەبارەی هێرش و گوشارەکانی هاوپەیمانی ئاکەپە – مەهەپە بۆ سەر هەدەپە زانیاریی بە ئامادەبوان دا. چیمن باسی ئەوەیکرد، رژێمی ئەردۆغان رێز لە ئیرادەی گەل و بەڕێوەبەریی شارەوانییەکان و پەرلەمانتاران و هەڵبژێردراوانی گەل ناگرێت و بە پێچەوانەى یاساوە لەسەر کارەکانیان لایاندەبات و قەیوم بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا دەسەپێنێت.

چیمن باسی لە دۆزی داخستنی هەدەپە کرد و وتی، هەدەپە بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە لە دژی گوشارەکان دەوەستێتەوە.

پییر مارکوس ریسمان سەرۆکی هەرێمی ئۆپسالای پارتی چەپی سوید سپاسی چیمەنی کرد، کە بەشداری کۆنگرەکەیان بووە و رایگەیاند، ئەو هێرشانەى دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەدەپە وەک هێرش بۆ سەر خۆیانی دەبینین و بە دڵنیاییەوە پشتیوانییەکان بۆ هەدەپە زیاتر و بەهێزتر دەکەین.

لە کۆنگرەکەدا هانا ڤکیتۆریا مۆرک و پییر مارکوس ریسمان بۆ هاوسەرۆک هەڵبژێردران. ئەندامانی کۆنگرەش پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "دەست لە هەدەپە هەڵگرن" بەرزکردبووە و سرودی "ئینتەرناسیۆنال"یان خوێندەوە.

ژ.ت