پارتی چەپی سەوز: لەدژی شەڕ دەوەستینەوە

پارتی چەپی سەوز وتی، " رژێمی کۆشک دەیەوێت بە سیاسەتی شەڕ لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. بۆ پوچەڵکردنەوەی سیاسەتی شەڕ، ئێمە داوا لە لایەنگرانی ئاشتی و دیموکراسی دەکەین کە هەستنە سەرپێ."

پارتی چەپی سەوز لەبارەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " دەسەڵاتی سیاسی هەوڵ دەدات لە گێژاو و قەیران سوود وەربگرێت، بۆ مانەوەی ئۆپۆزسیۆن لەناوببات و بەم ئامانجە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە."

لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، " شەڕ لە هەموو کاتێک زیاتر هەڕەشە لە دوارۆژی گەلان دەکات."

پارتی چەپی سەوز ئاماژەی بەوەدا کە رژێمی کۆشکی دەوڵەتی تورک بە ئۆپەراسیۆنەکانی لە ١٧ی نیسان لە زاپ، ئاڤاشین ومەتینا دەیەوێت دەسەڵاتەکەی هەمیشەیی بکات و وتی، " ئەم دۆخە زیان بە دوارۆژی گەلانمان دەدات و کاتێک دۆخەکە و پرسی داخستنی هەدەپە پێکەوە هەڵبسەنگرێت، دەبینین کە دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆنی لایەنگری ئاشتی و دیموکراتی بێکاریگەر بکەن."

لە راگەیەنراوەکەدا بۆ خاوەنداریکردن لە دوارۆژی وەڵات بانگەوازی لە هێزە دیموکراتەکان و ئاشتی کراوە کە بە بەهێزی لەدژی سیاسەتی شەڕ بوەستنەوە.

ف.ق